بۆچی هەرزان بووە؟

ماسیی تەقتەق هەرزان بووە دەتوانیت دۆستەکانتی پێ دەعوەت بکەی

+964
گۆڤەند فەتاح – کۆیە

ئێستا ماسی هەرزان بووە و دەتوانی دۆست و برادەرانی پێ داوەت بكەی و زۆر لەسەرتان ناكەوێت، بە تایبەتی لە ناحیەی تەقتەق كیلۆی بە شەش هەزارە لەسەر حەوزەكان، لە بازاڕیش بە برژاوی دەگاتە حەوت بۆ هەشت هەزار دینار، دوو ماسیفرۆشیش هۆكاری هەرزانبوونەكە ئاشكرا دەكەن.

ساڵانە لە مانگەکانی نۆ و 10 ماسی هەرزان دەبێت، بە هۆی ئەوەی هەندێکجار لە کاتی گەورەبوونی ماسییەکان، هەندێک لە حەوزەکان نەخۆشیی تێدا بڵاودەبێتەوە، بۆیە پەلە دەکرێت لە فرۆشتنی ماسییە ساغەکان، تا ئەوانیش تووش نەبن، بۆیە ناچار بە پەلە و هەرزان دەفرۆشرێت، هۆکارێکی تری هەرزانبوونی ماسی، بوونی رێژەیەکی زۆری ماسیی گەشەکردووە و ئامادەیە بۆ فرۆشتن، بۆیە کە رێژەکەی زۆر بوو نرخەکەی هەرزان دەبێت.

زوبێر سەمیر، خاوەنی حەوزی ماسی لە ناحیەی تەقتەق، بە 964ی وت، هۆکاری هەرزانبوونی ئێستای ماسی، بوونی نەخۆشییە لە ماسییەکاندا و ماسییە ساغەکان بەپەلە و هەرزان دەفرۆشرێن، هۆکارێکی دیكەش بوونی رێژەیەکی زۆری ماسییە لەو کاتەی ئێستادا بە تەواوی گەشەیان کردووە و کاتی فرۆشتن و خواردنیان هاتووە، هەموو ساڵێک لە مانگی چوار، پەنجە ماسی دەخرێتە ناو حەوزی ماسییەکان تا مانگی نۆ و 10 بەخێودەکرێت، کە کێشیان بە زۆری دەگاتە کیلۆیەک بۆ سێ کیلۆ.

وتیشی، گرانترین نرخی ماسی دەکەوێتە مانگی شەش و حەوت، چونکە لەو کاتە کەمترین ماسی دەمێنێت لە حەوزەکان، کە زۆرجار نرخەکەی دەگاتە 11 هەزار.

زوبێر سەمیر وتیشی، ئەو ماسییەی کە زۆربەی حەوزەکانی ماسیی لە تەقتەق تێیدا بەخێودەکرێت پێی دەوترێت (کارب)، کە جۆرێکی ماسیی بەتامە و ئێسکی کەمە، کڕیارێکی تایبەتی لە هەموو عێراق، زۆربەی کڕیارەکان لە شاری سلێمانی و هەولێرەوە بۆی دێن، وە لە شارەکانی خوارووی عێراق و بە تایبەت بەغداشەوە داوا دەکرێت.

نزیکەی 50 هەزار پەنجەماسی خرایه‌ بەنداوی ئاوەسپی یەوە

نزیکەی 50 هەزار پەنجەماسی خرایه‌ بەنداوی ئاوەسپی یەوە

هەروەها جەلیل شەریف، جوملەفرۆشی ماسییە لە تەقتەق، بە 964ی وت، نرخەکان بە پێی وەرزی گەشەی ماسییەکان دەگۆڕێت، هەر کات ماسی زۆر بێت بە تایبەت لە مانگی 10دا نرخەکەی دادەبەزێت، ئێستا کە ماسی زۆرە ئێمە لە حەوزەکان بە نزیکەی شەش هەزار دەیکڕین، رۆژیش هەیە شتێک کەم یان زیاد دەکات.

وتیشی، کە دەگاتە وەرزی هاوین ماسی گران دەبێت، زۆرجار هەیە كیلۆی دەگاتە 10 هەزار دینار، ئەوەی ئێمە دەیکڕین لە حەوزەکان بە دوکانەکان و موشتەرییەکانی شارەکانی دیكە دەیفرۆشین، لە دوکانەکانیش کە دەیفرۆشینەوە بە برژاندنەوە دەگاتە هەشت هەزار دینار.

964 زانیوویەتی ژمارەی حەوزە ماسییەکان لە سنووری تەقتەقدا دەگاتە نزیکە 1000 بۆ 1100 حەوزی ماسی، زۆربەیان ئەو ماسییەی بەخێوی دەکەن پێی دەوترێت (کارب)، کە جۆرێکی تایبەتە و تامێکی خۆشی هەیە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

راوچیانی پشدەر بۆ راوی ماسی روو لە دەریاچەی دوکان دەکە...

راوچیانی پشدەر بۆ راوی ماسی روو لە دەریاچەی دوکان دەکەن