زێڕینگەرانی خانەقین بازاڕیان نەماوە
+964
زینوێ حەسەن
وەکو زۆرێک لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، لە خانەقینیش زێڕینگەران بازاڕیان نەماوە، زێڕفرۆشەکان هۆکارەکەی بۆ گرانیی نرخی دۆلار دەگێڕنەوە بەرانبەر دیناری عێراقی.
لەوبارەیەوە، مستەفا باجەڵان، کە زێڕینگەرێکی شارەکەیە بە تۆڕی 964ی وت، “ماوەیەک دەبێت کە بازاڕمان زۆر کەمبووەتەوە، خەڵکی زێڕ ناکڕن، چونکە نرخی دۆلار بەرزە”.
جگە لە زێڕ، گرانیی دۆلار تا رادەیەک کاریکردووەتە سەر نرخی کاڵا و شتومەک و خواردن لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمە بۆ خانەقین راست نییە، لەوێ نرخی شتومەک هێشتا جێگیرە.
ئەیاد حوسێن، کە فرۆشیاری پۆشاکە لە خانەقین بە تۆڕی 964ی وت، “من وەکو فرۆشیاری پۆشاک لەم ماوەیەدا زیانی مادیی زۆرم کردووە و کریاڕمان کەمە، ناچارم دوو پارچە بفرۆشم و پارچەیەک بە دیاری ببەخشم، چونکە وا نەبێت، ئیشی بازاڕ ناڕوات و کرێی دوکانەکە دەرناکەین”.
ئەمرۆ نرخی گۆشتی سوور لە هەرێمی کوردستان بۆ یەک کیلۆ بەرزبووەتەوە بۆ 19 هەزار دینار، بەڵام لە خانەقین نرخەکەی نەگۆڕاوە و بە 16 هەزار دینارە.
مام سالم کە قەسابخانەی هەیە لە خانەقین بۆ تۆڕی 964ی باسکرد، ئەمڕۆ نرخی گۆشت لە هەموو شارەکان گران بوو، “بەڵام من کیلۆی بە 16 هەزار دەفرۆشم”.
کەمتر لە دوو مانگە، نرخی دۆلار ناجێگیرە، بەردەوام نرخەكەی لە هەڵكشان و داکشاندایە، بە جۆرێك لە دوو هەفتەی رابردوو نرخی 100 دۆلار تاوەکو نزیکەی 169 هەزار دینار بەرزبووەوە.