لە بازیان

چەند بەردێك دابەشكردنی ئاوی 50 ماڵی بۆ ماوەیەک راگرت

+964

ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی

ماوەی هەفتەیەك زیاتر بوو، نزیكەی 50 ماڵی گەڕەكی ئاشتی قەزای بازیان بێ ئاو بوون، ئەوەش بەهۆی بوونی چەند بەردێك لە رێڕەوی ئاوی گەڕەكەكەدا كە ببوە هۆی گیرانی ئاوەكە و بەڕێوەبەری ئاوی بازیانیش دەڵێت، “تیمەكانمان گرفتەكەیان چارەسەر كرد و ئاو گەڕایەوە بۆ ماڵەکان”.

شەهاب كەریم، دانیشتووی گەڕەكی ئاشتی قەزای بازیانە و بە 964ی وت، “ماوەی هەفتەیەك زیاترە بێ ئاوین و تەواو پێمانەوە دیاربوو، لەبەرئەوەی پێشووتر هەموو سێ رۆژ جارێك ئاومان بۆ گلدەدرایەوە و بێ ئاو نەبووین، بەڵام بەهۆی ئەو گرفتەوە زۆربەی ماڵەكان ناچاربووین بە تانكەر ئاو بكڕین”.

دەربارەی گرفتی بێ ئاوی ئەو ماڵانە قسەمان لەگەڵ هاوڕێ حسێن، بەڕێوەبەری ئاوی بازیان كرد و لای خۆیەوە بە 964ی وت، “چەند ساڵێكە لەگەڵ دروستكردنی خەزانی ئاوەكەوە ئەو بەردانە كەوتووەتە ناو خەزانەكەوە، بەپێی تێپەڕبوونی كاتیش بەردەكان گەیشتوون بە رێڕەوی ئاوەكە و ئەمڕۆ چەند بەردێك بەری قفڵی ئاوەكەی گرتبوو، ئەوەش بەتەواوەتی رێڕەوی ئاوەكەی گرتبوو، ئاو نەدەگەیشت بە ماڵەكان”.

ئەو بەڕێوەبەرە وتیشی، ئەمڕۆ تیمەكانمان قفڵی ئاوەكەیان كردەوە و بەردەكانیان لەناو بۆڕییەكە دەرهێنا و گرفتی ئاوی ئەو گەڕەكەیان چارەسەر كرد.

“ئەو بەردانە دوێنێ گەیشتووەتە قفڵی ئاوەكە و پێشووتر ئەو گرفتەمان نەبووە، ئەو هەفتەیەی كە ئەو ماڵانە بێ ئاو بوون پەیوەندی بەو بەردانەوە نەبووە، بەڵكو ئێستا كەمتر لەجاران لەدوكانەوە ئاو دەگات بەقەزای بازیان، ئێستا بەشێكی زۆری ئاوەكە بۆ چەمچەماڵ دەڕوات و ئاوی بازیان كەمكراوەتەوە” بەڕێوەبەری ئاوی بازیان وای وت.

پێداچوونەوە: هاوبەش

دەستکرا بە چاککردنەوەی بۆری ئاوی ئیفراز سێ

دەستکرا بە چاککردنەوەی بۆری ئاوی ئیفراز سێ