رۆژی نیشتمانییەتی
یەکێتیی ئەوروپا: پشتیوانی لە ئاسایش و خۆشگوزەرانی عێراق دەکەین
964+
ئەحمەد مستەفا
لە رۆژی نیشتمانیی عێراق، نێردەی یەکێتی ئەوروپا لە وڵاتەکە سەرەڕای پیرۆزبایی دەڵێت ئەوان، پابەنددەبن بە پشتیوانیکردنی عێراق لە گەشتە بەردەوامەکەی بەرەو ئاسایش، ئاشتی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی.
لە عێراق ئەمڕۆ پشووە و رۆژی نیشتمانییانە، دیاریکردنی ئەو رۆژە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە 3ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1932 کۆمەڵەی گشتیی سەر بە کۆمەڵای گەلان، عێراقی وەکو ئەندامی کۆمەڵەی گەلان پەسەندکردووە.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی رۆژی 1.9.2020، كە بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی بەڕێوەچوو، بڕیاریدا رۆژی 3.10ی هەمووساڵێک، بکات بە رۆژی سەربەخۆیی عێراق و رزگاربوونیی لە ئینتیدابی بەریتانی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3.10.2024، نوێنەرایەتی راوێژکاری یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، گەرمترین پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی گەلی عێراق دەکات و نوێنەرایەتی یەکێتیی راوێژکاری یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق پابەندبوونی بەهێزی خۆی بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق دووپات دەکاتەوە.
ئەمڕۆ 92 ساڵ بەسەر سەربەخۆیی عێراق تێدەپەڕێت، نوێنەرایەتی راوێژکاری یەکێتی ئەوروپا لە عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمە پابەند دەبین بە پشتیوانیکردنی عێراق لە گەشتە بەردەوامەکەی بەرەو ئاسایش، ئاشتی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی.
ئەوە لە کاتێکدا، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە هیچ ئاهەنگێک لەو رۆژەدا بەڕێوەنەچێت، ئەوەش وەکو هاوسۆزییەک لەگەڵ لوبنان و فەلەستین کە رووبەڕووی، هێرش و قەیرانی جەنگ و پێکدادان بوونەتەوە.