نزیکە لە 75 دۆلار

نرخی نەوت بۆ ئەمڕۆش لە بەرزیدا ماوەتەوە

964+

توانا نەقی

هێرشە موشەکییەکانى ئێران بۆسەر ئیسرائیل وایکردووە دوو رۆژە لەسەریەک نرخى نەوتى بە بەرزی بمێنێتەوە ئەوە جگە لە بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار بەرامبەر دینارى عیراقى.

لە ئێستاداو بۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بازاڕەکانى نەوت، نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بە 74 دۆلار و 74 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت، لە کاتێکدا پێرێ نرخەکەى بە 71 دۆلار بوو.

هەرچی نەوتی تێکساسە نرخی بەرمێلێکی 70 دۆلار و 99 سەنتە، پێرێ و پێش هێرشەکانی ئێران نرخەکەى بە 68 دۆلار بوو.

بەرزبوونەوەى نرخى نەوت پەیوەندى بە هێرشە موشەکییەکەى شەوی سێشەممەی ئێرانەوەیە بۆسەر ئیسرائیل.

تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری کۆمپانیای ئای جی لەبارەى بەرزبوونە کتوپڕەکەى نرخى نەوتەوە دەڵێت، هەرچەندە بە ئامانجگرتنى کێڵگە نەوتییەکانى ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە بە دوور دەزانرێت، بەڵام ئەگەر ئەوە رووبدات نرخى نەوت 80 دۆلار تێدەپەڕێنێت.