مه‌رجى نوێی سه‌ندیكایه‌ 

له ‌دهۆك كۆمپانیا كشتوكاڵییه‌كان ئه‌ندازیارى كشتوكاڵیان نه‌بێت مامه‌ڵه‌یان رایی ناكرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

‎سه‌ندیكاى ئه‌ندازیارانى كشتوكاڵيى دهۆك، مه‌رجى نوێی بۆ كۆمپانیا و پڕۆژه‌ كشتوكاڵییه‌كانى سنووره‌كه‌ى داناوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌ندازیاری كشتوكاڵ لای خۆیان دانه‌مه‌زرێنن، له‌ هیچ ده‌زگایه‌كی حكومى مامه‌ڵه‌كانیان رایی ناكرێت.

ئه‌م مه‌رجه‌ نوێیه‌ى سه‌ندیكا، دواى كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كشتوكاڵى دهۆك ده‌ركراوه‌ و دواشیان كردووه‌ لیژنه‌یەك بۆ چاودێری كۆمپانیاكان دابندرێت و چاودێرییان تووندتر بكرێت.

نێچیرڤان حازم ئه‌رتوشی، سه‌رۆكى لقی دهۆكى سه‌ندیكاى ئه‌ندازیارانى كشتوكاڵى به‌ 964ـى راگه‌یاند، دانانى ئه‌ندازیارى كشتوكاڵى له‌سه‌ر پڕۆژه‌ و كۆمپانیا كشتوكاڵییه‌كان به‌پێی یاسای ژماره‌ 20ـى ساڵى 2022 چه‌سپیاوه‌ و پێویسته‌ ئه‌م پڕۆژانه‌ ئه‌ندازیار دابمه‌زرێنن.

وتیشی “تاوه‌كو ئێستا له‌ دهۆك 480 ئه‌ندازیار سودمه‌ندى ئه‌م یاسایه‌ بوونه‌ و جێبه‌جێكراوه‌، به‌ڵام له‌هه‌ولێر، سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ كار به‌و یاسایه‌ نه‌كراوه‌”.

روونیشیكرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ كشتوكاڵى دهۆك رێككه‌وتوون كه‌ هه‌ر كۆمپانیا و پڕۆژه‌یه‌كی كشتوكاڵى له‌سنوورى پارێزگاكه‌یان، ئه‌گه‌ر ئه‌ندازیارى كشتوكاڵیان نه‌بێت كه‌ له‌ لایه‌ن سه‌ندیكاوه‌ بۆی داده‌ندرێت، ئه‌وا له‌هیچ داموده‌زگایه‌كی حكومى مامه‌ڵه‌كانیان رایی ناكرێت.

به‌پێی ئامارێك له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆك دوو هه‌زار و 754 ئه‌ندازیارى كشتوكاڵى وه‌كو ئه‌ندام ناویان له‌ سه‌ندیكاى ئه‌ندازیارانى كشتوكاڵيى تۆماركراوه‌ و ناسنامه‌ى ئه‌و سه‌ندیكایه‌یان هه‌یه‌.

ئه‌ندازیارانى كشتوكاڵى دهۆك فێری به‌خێوكردنى هه‌نگ ...

ئه‌ندازیارانى كشتوكاڵى دهۆك فێری به‌خێوكردنى هه‌نگ ده‌كرێن