تەلەعفەر.. پارکێک لەسەر پێنج دۆنم زەوی دروست دەکرێت

+964

تەلەعفەر – موسڵ

لە تەلەعفەر پارکێک لەسەر رووبەری پێنج دۆنم زەوی دروست دەکرێت کە گەورەترین پارکی شارەکەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی کانونی دووەم، لە چاوەچێوەی پڕۆگرامی نیشتەجێبوونی مرۆیی رێکخراوی هابیتاتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیار لەسەر دروستکردنی پارکێک لەناو شاری تەلەعفەری رۆژئاوای موسڵ دراوە کە رووبەرەکەی پێنج دۆنم زەوییە، بەمەش دەبێتە گەورەترین پارک لەسەر ئاستی قەزاکە.

ئەندازیار ئیسماعیل ئیبراهیم، بەڕێوەبەری نوسینگەی ئەندازیاری قائیمقامیەتی تەلەعفەر بۆ تۆڕی964 رایگەیاند: رووبەری پارکەکە پێنج دۆنم دەبێت و دەکرێت بە سێ بەشەوە، بۆ خێزانەکان، منداڵان، گەنجەکان.

هەربەشێک پێداویستی ئەو توێژە دابیندەکات کە بۆی تەرخانکراوە، بۆ نموونە لە بەشی منداڵان یاریگای تیایە و بەشی گەنجانیش کافێی تێدادەبێت.

پارکەکە دەکەوێتە هەردوو گەڕەکی ئەلسەلام و ئەلموسەننا لە ناوەندی تەلەعفەر، بڕیارە لە ماوەی چوار مانگ کارەکانی تەواو ببێت.