سەندیکای پزیشکان قسەی خۆیان هەیە

دڵی منداڵێک کێشە دەخاتە نێوان باوکی و پزیشکەکانییەوە

964+

شۆڕش هەرکی – هەولێر

هاوڵاتییەک لە هەولێر، سکاڵای ئەوە دەکات دوای 17 ساڵ لە گۆڕینی جۆری نەشتەرگەیی دڵی منداڵەکەی و هەڵەی “پڕنەکردنەوەی دڵ” لەلایەن پزیشکەکانییەوە، تائێستا نەیتوانیوە بڕوای لایەنە یاسایی و ئیدارییەکان بەدەستبهێنێ بۆ سزادانیان.

منداڵەکە دانیشتووی سنووری پارێزگای هەولێرە، ئێستا تەمەنی 13 ساڵە، بە قسەی سەندیکای پزیشکان لەبری چوار ژوور، تەنیا یەک ژووری لە یەکێک لە “سکۆڵی”کانی دڵی هەیە، باوکی منداڵەکە سوورە لەسەر ئەوەی، حەوت ساڵ لەمەوبەر، کاتێک لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر نەشتەرگەری بۆ منداڵەکەی ئەنجام دراوە، پزیشکەکان بەهەڵە کردوویانە و جۆری نەشتەرگەرییەکەیان گۆڕیوە، خۆی دەڵێت، “دڵی پڕنەکراوەتەوە و دوای پێنج رۆژ پێیان زانیووە”.

ئەمڕۆ دووشەممە 30.9.2024، رێبوار خزر، باوکی منداڵەکە چووە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ویستی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجام بدات، بەڵام میوانداری ژوورەوە کرا، رێبوار بە 964ی وت،”چەندین جار سکاڵام تۆمارکردووە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە، بەڵکو لەسەر سکاڵاکانم سێ جار دەستگیرکراوم”.

لە بارەی رەوشی منداڵەکەی وتی، “ئێستا منداڵەکەم سەرەڕای خراپی دۆخی دڵی، تووشی نەخۆشی دەروونی هاتووە و دەست دەوەشێنێ، رەوشی لە چاو پێشتر خراپتر بووە و ناتوانێ تێکەڵی منداڵی دیکە ببێت”، لەسەر ئەم بابەتە سەندیکای پزیشکان لقی هەولێر، پێشتر راگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، “لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو، کەسێک لە شاری هەولێر بەشێوەیەکی بەردەوام و ماوە ماوە لە بەردەم دادگای هەولێر لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی باسی کێشەیەکی تەندروستی منداڵێکی دەکات و بەشێوەیەکی زۆر نابابەتی و نادروست ناوەڕۆکی کێشەکە باس دەکات”.

سەندیکاکە لە بارەی ناوەڕۆکی کێشەکە دەڵێت، “چەند ساڵێک بەر لە ئێستا باوک و دایکێک منداڵێکیان نەخۆشیان دەبێت و دەیبەنە (نەخۆشخانەی پسپۆڕی نەشتەرگەری دڵ) لە شاری هەولێر، کە تاکە نەخۆشخانەی تایبەتمەندە بە نەخۆشی دڵ، دوای هەڵسەنگاندنی وردی پزیشکی دەردەکەوێت منداڵەکە تووشبوی بارێکی دەگمەنی تەندروستییە کە ئەویش (دڵی یەک سکۆڵەیی)هەیە، چونکە لە کەسی ئاسایی دڵ لە چوار ژوور پێک دێت”.

“ئەمەش ئاستەمە بۆ ژیان کردن و بەردەوامی ژیان، چونکە دڵ ناتوانێ سووڕی خوێن بە دروستی ئەنجام بدات، بۆیە بڕیار دەدرێ لە رێگەی نەشتەرگەری وردی دڵ هەوڵی چارەسەر بدرێ، بۆ ئەم مەبەستە هەماهەنگی دەکرێ لەگەڵ تیمێکی تایبەتی پزیشکی نەشتەرگەری دڵ لە وڵاتی هیندستان، تیمە پزیشکییە هندییەکە دێنە هەولێر و نەشتەرگەری بۆ دەکرێت، دوای ئەوەی شێوازی نەشتەرگەری و لێکەوتە نەخوازراوەکانی نەشتەرگەرییەکە بەوردی بۆ خانەوادەکەی رووندەکرێتەوە، بەڵام دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە بە چەند رۆژێک باوکی نەخۆشەکە بەشێوەیەکی نا بابەتیانە لێدوان و هەڵوێستی میدیایی دەردەبڕێت و دوا بەدوای ئەوەش بەردەوام سکاڵای یاسایی ئەنجام دەدات”.

بە قسەی سەندیکاکە بێت، بۆ ئەو مەبەستە چەندین لیژنەی تایبەتمەند پێکدەهێنرێت لە (وەزارەتی تەندروستی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، دواکاری گشتی و دادگای تاوانەکان و ئەنجوومەن و پارێزگای هەولێر) هەموو ئەنجامەکان و لە دواجاریشدا لیژنەیەکی نوێی وەزارەتی تەندروستی دڵنیایی دەدات کە تیمە پزیشکیەکەی وڵاتی هیندستان و تیمی پزیشکی ناوخۆیی هیچ هەڵەیەکی پزیشکییان نەکردووە، بەڵکو باری نەخۆشەکە زۆر ورد و ئاڵۆز بووە لە بنچینەدا کە لەبری دوو سکۆڵەی دڵ تەنها یەک ژور هەبووە واتە تەنها یەک سكۆڵە.

سەندیکاکە داوای کردووە، لە سەرۆک و جێگری حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی تەندروستی، دادگای هەولێر و داواکاری گشتی، تاکو بەپەلە هەنگاوی چارەسەری بنێن ئەو دەڵێت، “رێگربن لە بەردەوامی ئەم کارە نابەجێ و هەڕەشانە، کە دەبنە هۆی دروستکردنی ژینگەیەکی نالەبار و ناخۆش بۆ کاری تەندروستکاران، هاوکات وەک لقی هەولێری سەندیکای پزیشکان داوی یاسایی تۆمار دەکەین لە بەرانبەر ئەوکەسە کە بە ناڕەوا هەڕەشە لە تیمی تەندروستی دەکات”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

سەندیکای پزیشکانی ددان داوای داخستنی کۆلیژەکانی ددان ...

سەندیکای پزیشکانی ددان داوای داخستنی کۆلیژەکانی ددان دەکات

خوێندکارێکی زانکۆی گەرمیان ھەڵە لە کتێبێکی پزیشکی دەد...

خوێندکارێکی زانکۆی گەرمیان ھەڵە لە کتێبێکی پزیشکی دەدۆزێتەوە

پارێزەرێک: کڕینی دەرمانی پزیشکی لە ئۆنڵاین کارێکی هەڵە...

پارێزەرێک: کڕینی دەرمانی پزیشکی لە ئۆنڵاین کارێکی هەڵەیە