سزایان دەدەن
شارەوانى هەولێر ژمارەیەکى زۆر کاندید سەرپێچى رێنماییەکانیان کردووە
964+
وریا فەتاح
سەرۆکى شارەوانى هەولێر رایدەگەیەنێت، ژمارەیەکى زۆرى کاندید و لایەنى سیاسی لە هەڵواسینى فلێکس و بانگەشەى هەڵبژاردن سەرپێچیان کردووە. دەشڵێت: تۆمارمان کردوون و سزا دەدرێن.
کارزان عەبدولهادى، سەرۆکى شارەوانى هەولێر بە 964ـى وت،”زۆربەى لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان، پابەندى رێنماییەکانى شارەوانى نەبوون بۆ هەڵواسینى فلێکس و پۆستەرى بانگەشەى هەڵبژاردن، بەتایبەت لە بەکارهێنانى ناوچەى سەوزایى و هێماکانى هاتوچۆ و رێگاوبانەکان”.
“دەستمانکردووە بە بەدواداچوون و سەرپێچییەکان زۆرن و تۆمارمان کردوون، لەگەڵ پارێزگار کۆدەبینەوە و سەرپێچییەکان دەنێرین بۆ کۆمیسیۆن بۆ ئەوەى لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت”، کارزان عەبدولهادى واى وت.
جەختیشى کردەوە، هیچ کاندید و لایەنێک ئاگادار ناکەنەوە لەوەى کە سەرپێچى کردووە، چونکە ژمارەیان زۆرە و ئەو هەمووە ئاگادار ناکرێنەوە.
بەپێى بەدواداچوونەکانى 964، لە شارى هەولێر و سلێمانى و زۆربەى ناوچەکان بەشى زۆرى کاندید و لایەنەکان لە هەڵواسینى پۆستەر و فلێکس بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن سەرپێچى رێنماییەکانى کۆمیسیۆن و شارەوانى و هاتوچۆیان کردووە، بەتایبەت لە داپۆشینى هێماکانى هاتوچۆ و بەکارهێنانى ناوچەى سەوزایى و دانانى فلێکسەکان لە یوتێرنەکان و شوێنى پێچکردنەوە کە ناوچەى کوێریان بۆ شۆفێران دروستکردووە.
رۆژى 25ـى ئەم مانگە، بانگەشەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دەستیپێکرد و تا 15ـى ئۆکتۆبەر بەردەوام دەبێت.