"وەزیریان تێدایە"

پەرلەمانتارێکی عێراق: دزییەکی دیکەی سەدە ئاشکرا دەکەم

964+

ژووری هەواڵ

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە نووسراوێکدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە دزییەکی دیکەی سەدە ئاشکرا دەکات و دەڵێن لەم دزییەدا پارەی باجی سەر “ئاسن، بەردی مەڕمەڕ و ئەلەمنیۆم”ـی هاوردە بەتاڵان براوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26.9.2024، عەلی ساعدی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە چەند بەدواداچوونێکدا بۆی دەرکەوتووە چەند کەسێک کە پلەی بەرزیان هەیە و تا ئاستی وەزیریش دەڕوات، تێوەگلاون لە وەرگرتنی دۆلار بە شێوەی نایاسایی و بە نرخی فەرمی لە بانکی ناوەندی و بەخشینی باج و گومرگ بە رێگەی نایاسایی.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، تۆمەتباران پێکهاتوون لە تۆڕێکی، کە پێکەوە کاردەکەن و کەلوپەلی بیناسازیان هاوردە کردووە بە ناوی ژمارەیەک کۆمپانیاوە، بەبێ ئەوەی کۆمپانیاکان ئاگاداربن.

عەلی ساعدی باس لەوەش دەکات، “کاتێک بەڵگەکان تەواو بوون، داواکاری گشتی لەو بارەیەوە ئاگادار دەکەمەوە”.

+964صورة من منصة (شبكة):

دزیی سەدە لە چییەوە هاتووە؟

“دزیی سەدە” ناونیشانی كەیسێكی دزیكردنە لە عێراق، كە لە ساڵی 2022 و لە سەردەمی کابینەکەی مستەفا کازمی ئاشكرا بوو، سەرەتا وا بڵاوکرایەوە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە، بەڵام دواتر دەركەوت پارەکە و هەروەها ژمارەی تۆمەتبارەكان زیاترن، كە لە رێگەی چەكی بانكیی چەند كۆمپانیایەكەوە دزراوە و تۆمەتباری سەرەكییش كەسێكە بە ناوی نوور زوهێر.

پارە دزراوەکان هی داهاتی باج بوو، کە لە رێگەى پێنج کۆمپانیاوە لە نێوان ئابى 2021 و ئەیلوولى 2022 لە بانکی رافیدەین براوە.