تەقە تەقەکەی ئاکرێ ئەم گەنجانە دەیکەن

+964

کاوە عومەر – دهۆک

چوار کچ و پێنج کوڕ لەئاکرێ قۆڵ و بازوویان لێ هەڵماڵیوەو خانوو لادیواری گەڕەکە کۆنەکانی ئەو شارە نوێدەکەنەوە، هەموو شتێکیش دەبێت لەسەر دەستورە کۆنەکەی ئاکرێ بێت.

ئەو کچ و کوڕە گەنجانە کە لەژێر ناوی ”گورپی بۆژین” کۆبوونەتەوە، چەند هەفتەیەکە تەقەی چەکوش و پاچیان دێت، ئەو خانووانەی دەزانن پێویستیان بەنۆژەنکردنەوەیە دەستی دەدەنێ و نوێی دەکەنەوە.

گەنجەکان خۆبەخشانە کارەکە دەکەن، بەڵام قایمقامیەتی و ئاکرێ و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری ئاکرێ ئاگایان لێیانە، پارەی کەرەستەو کەلوپەلەکانیش پارێزگاری دهۆک بۆیان دابین دەکات.

بەشیر عەلی بەرپرسی گروپەکەیە، دەڵێ ئاستەنگی بەردەمیان ئەوەیە کۆڵانەکانی ئاکرێ تەسکن و بەئاسانی هاتوچۆی تیاناکرێت و کەلوپەل ناگواسترێتەوە.

ئاکرێ لەشارە زۆر کۆنەکانی کوردستانەو سەر بەپارێزگای دهۆکە، شارەکە وا هەڵکەوتووە کە بەسەر ناوچەیەکی بەرزەوەیەو کۆڵانەکانی بەریکن.

ئەم گروپە کۆڵان بەکۆڵانی ئاکرێ دەگەڕێن و بەپێی خەمڵاندنی خۆیان خانووە کۆنەکان دیاری دەکەن و دەست دەکەن بەنۆژەنکردنەوەیان، بەڵام مەرجی شوێنەواری ئاکرێ ئەوەیە بەهەمان جۆری بەردو بەهەمان دیزاین دروست بکرێنەوە