"موچه وه‌رگیراوه‌كانى پێشوو بگه‌ڕێننه‌وه"
كێشه‌ى دوو موچه‌یی گرفتى بۆ 1500 پێشمه‌رگه‌ى كه‌ركوك دروست كردووە
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له كه‌ركوك موچه‌ى چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تى ژماره‌یه‌كی زۆرى پێشمه‌رگه بڕاوه، هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه ئه‌و پێشمه‌رگانه خاوه‌نى دوو موچه‌ن.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى چاودێریى كۆمه‌ڵایه‌تیى كه‌ركوك ده‌ستى به رێكارى بڕینى دوو موچه كردووه له لیستى ئه‌و كه‌سانه‌ى، كه مانگانه موچه‌ى چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تى له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقییه‌وه وه‌رده‌گرن.
ئه‌حمه‌د یه‌حیا، به‌ڕێوه‌به‌رى چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تیى كه‌ركوك به 964ـى راگه‌یاند، ژماره‌ى ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى كێشه‌ى دوو موچه‌یان هه‌یه بریتین له هه‌زار و 500 كه‌س.
وتیشی “بڕیاری بڕینى موچه‌ى چاودێری ئه‌م پێشمه‌رگانه له‌لایه‌ن حكومه‌تى ئیتیحادییه‌وه دراوه”.
پێشتر حكومه‌تى عێراق ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر بڕینه‌وه‌ى موچه‌ى چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تى بۆ نزیكه‌ى حه‌وت هه‌زار پێشمه‌رگه دابوو، به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ى له سنوورى ناوچه‌كانى ماده‌ى 140 ده‌ژین.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كردووه، ئه‌و ژماره پێشمه‌رگەیان ئاگادار كردووه‌ته‌وه، پێویسته ئه‌و موچه زیاده‌یه‌ى كه ساڵانى پێشتر وه‌ریانگرتووه هه‌مووى بگه‌ڕێننه‌وه، ده‌شڵێت “كارئاسانیمان بۆ پێشمه‌رگه‌كان كردووه كه گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئه‌و موچانه به شێوه‌ى قیست و له رێگه‌ى ده‌سته‌به‌رییه‌وه ئه‌نجام بده‌ن”.