بۆ ده‌ستخستنى ده‌رمان و چاره‌سه‌رییه‌كانه
خوێندكارێكی كۆلیژى پزیشكى به بیرۆكه‌یه‌ك كارئاسانى بۆ نه‌خۆشانى هه‌ڵه‌بجه ده‌كات
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له هه‌ڵه‌بجه له رێگه‌ى پڕكردنه‌وه‌ى فۆڕمێكه‌وه كارئاسانى بۆ ده‌ستخستنى ده‌رمان و چاره‌سه‌رییه‌كان بۆ نه‌خۆشان ده‌كرێت و ئێستا ئه‌وه‌ى ئه‌م بیرۆكه‌یه به‌ڕێوه‌ده‌بات، خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ى داتا و زانیارییه له‌سه‌ر ده‌رمانخانه و نه‌خۆشخانه‌كانى سنوورى هه‌ڵه‌بجه.
داستان کازم محه‌مه‌د، خاوه‌نى بیرۆكه‌كه، خوێندكارى قۆناغى چواره‌مى كۆلیژى پزیشكییه به 964ـى وت، بیرۆكه‌كه‌ى بۆ یارمەتیدانی نەخۆشە، چونكه نەخۆش جاری وا هه‌یە پێویستى به چاره‌سه‌رییه‌ك یان پشكنینێكه و بۆى به‌رده‌ست نابێت، به‌ڵام له رێگه‌ى بیرۆكه‌كه‌یه‌وه کارئاسانی بۆ دەکرێت.
وتیشی “كارئاسانییه‌كى زۆر بۆ نه‌خۆش ده‌كه‌م لە جیاتی ئەوەی بڕوا یەک بە یەک دەرمانخانە یان تاقیگەکان بگەڕێت، من به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ى كۆیده‌كه‌مه‌وه شوێنى چاره‌سه‌رییه‌كه‌ى به ئاسانى پیشان ده‌ده‌م”.
داستان، ده‌یه‌وێت له رێگه‌ى فۆڕمه‌كه‌یه‌وه ته‌واوى زانیاری له‌سه‌ر نه‌خۆشخانه و ده‌رمانخانه‌كانى شار كۆبكاته‌وه، لەوانەش کاتەکانی دەوامکردنیان، لیستی ناوی ئەو دەرمان و پێداویستی و پشکنینانەی کە له‌لایان بەردەستن، بۆ ئه‌وه‌ى له ئه‌گه‌رى بوونى كه‌موكوڕى بۆ ئه‌نجامدانى پشكنین یان ده‌ستنه‌كه‌وتنى ده‌رمان، ئه‌و ده‌بێته رێنیشانده‌ر بۆ نه‌خۆشه‌كه بۆ ئه‌وه‌ى به چاره‌سه‌رییه‌كانى بگات.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه، هه‌ندێكجار لە بەش و یەکە تەندروستییەکانی هەڵەبجە دۆخی لەناکاو دێته پێشه‌وه، کە چارەخواز پێویستی بە دەرمانێکی گرنگ یان پشکنینێکی چارەنووسسازه و له‌وكاته لەناو نەخۆشخانەدا بەردەست نین، به‌ڵام له‌رێگه‌ى زانیارییه‌كانى ده‌تواندرێت بۆی به‌رده‌ست بخرێت.
ئه‌م بیرۆكه‌یه چۆن ده‌گاته خه‌ڵك و سوودی لێوه‌رده‌گرن؟
داستان ده‌ڵێت، له‌رێگه‌ى فۆڕمه‌كه ته‌واوى زانیاری له‌سه‌ر ناوه‌نده ته‌ندروستى و ده‌رمانخانه‌كانى هه‌ڵه‌بجه كۆده‌كرێته‌وه و دواى كۆكردنه‌وه‌ى ته‌واوى زانیارییه‌كان، لاپه‌ڕه‌یه‌كی تایبه‌تى فه‌یسبووك ده‌كاته‌وه ته‌واوى ئه‌م زانیارییانه‌ى تێدا بڵاوده‌كرێته‌وه و كۆپییه‌ك له زانیارییه‌كانیش ده‌درێته هه‌ریه‌ك له نه‌خۆشخانه و بنكه و ناوه‌نده ته‌ندروستییه‌كان.
لینکی فۆڕمی گووگڵ: دەرمانخانە و تاقیگەکانی ناو شاری هەڵەبجە