کەس خۆی ناکات بە خاوەنی

پردی تەقتەق مەترسی رووخانی لەسەرە

گۆڤەند فەتاح – کۆیە

پردەکەی تەقتەق مەترسی رووخانی لەسەرە و بەرپرسانی ناحیەكەش دەڵێن، هەردوو ئیدارەی هەولێر و کەرکوکیان لەو بابەتە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام سوودی نەبووە.

ماوەیەکە چاڵێکی گەورە لە پردەکەی تەقتەق دروستبووە، کە دەکەوێتە سەنتەری ناحیەی تەقتەق و لە سنووری نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمە، بەشێکی زۆری بنمیچەکەشی داکەوتووە و وێران بووە، جگە لەوەش جۆینەکانی پردەکە بۆشایی زۆریان تێدا دروست بووە و مەترسی رووخانی لەسەرە.

سەبارەت بەو پرسە، ئاسۆ مستەفا، بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق، بە 964ـی وت، “چەندین جار نووسراومان کردووە و لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و رێگەوبانی کۆیە، داوامان لە هەولێر کردووە ئەو پردەمان بۆ نۆژەن بکەنەوە، بەڵام تا ئێستا رەزامەندییان نەداوە و نەتیجەی نەبووە، بە بیانووی نەبوونی بودجەی پڕۆژە”.

“جگە لە هەولێر لە ئیدارەی کەرکوکیش داوامان کردووە بۆمان نۆژەن بکەنەوە و چاوەڕێی وەڵامین، بەڵام تا ئێستا رەزامەندی نەدراوە”، ئاسۆ مستەفا وای وت.

پردی تەقتەق ساڵی 1954 لەسەر دەستی ئەڵمانییەکان بە تەکنیک و ئەندازەی خۆیان و بە کرێکاری خۆماڵی لەسەر زێی بچووک بونیاد نراوە، درێژی پردەکە نزیکەی 300 مەتر دەبێت و بەرزییەکەشی بە نزیکەیی 15 مەترە.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری