کەس لێیان تێناگات

نابیستانى کوردستان لە فەرمانگەکان کێشەیان بۆ دروست دەبێت

964+

دیلان محەمەد جەزا- سلێمانى

بەهۆى نەبوونى فەرمانبەر کە زمانى ئاماژە بزانێت، نابیستانى کوردستان لە فەرمانگەکان توشى کێشە دەبن و بە قورسى مامەڵەکانیان بۆ رایى دەکرێت.

ئەمڕۆ 23ـى ئەیلولى 2024 رۆژى جیهانى زمانى ئاماژەیە و 72 ملیۆن نابیست لە جیهاندا بوونیان هەیە.

ئەمڕۆ، رۆژى جیهانى زمانى ئاماژەیە

ئەمڕۆ، رۆژى جیهانى زمانى ئاماژەیە

بەهار مەحمود سەرۆکی رێکخراوی ئاماژە بە 964ـى وت، گرفتى سەرەکى نابیستانى هەرێم ئەوەیە کە هەم خەڵک پەرە بە زمانى ئاماژە نادات و لێیان تێناگات، هەم لە فەرمانگەکانى حکومەتیش فەرمانبەرى تایبەت نییە کە لە زمانى ئاماژە تێبگات.

ئەو باسى ئەوەش دەکات، نەبوونى فەرمانبەر کە لە زمانى ئاماژە تێبگات، کێشەى بۆ نابیستان دروستکردووە کە سەردانى فەرمانگەکان دەکەن.

دەشڵێت: پێویستە حکومەت پەرە بەوە بدات و لە هەر فەرمانگە و بەرێوەبەرایەتییەک کارمەندى هەبێت کە لە زمانى ئاماژە تێبگات، جگە لەوەش پێویستە خەڵک هەندێ زمانى ئاماژەى سەرەتایى بزانن تا بتوانن لەگەڵ نابیستان گفتوگۆ بکەن و یارمەتى یەکترى بدەن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح