مێژووییە
یەک ئۆنسە زێڕ 2600 دۆلارى تێپەڕاند
964+
وریا فەتاح
ئەمڕۆ هەفتەیەکى نوێیە بۆ بازاڕى زێڕ، بەڵام هەر لەگەڵ دەستپێکى ئەم هەفتەیە زێڕ بە بەرز بوونەوە دەستى پێکرد و نرخى هەر ئۆنسەیەکى بۆ 2630 دۆلار بەرو بووەوە.
هەندرێن وەرتى، سەرۆکى سەندیکاى زێڕنگرانى هەولێر بە 964ـى وت،” بەرز بوونەوەى نرخى زێڕ پەیوەندى بە سوودى بانکییەوە هەیە کە ئەمریکا مامەڵەى پێوە دەکات و بەنیازە بیهێنێتە خوارەوە، بۆیە ئەو پلانەى هەیە بۆ کەمکردنەوەى سودى بانکى بە رێژەى 0.5%، وا لە خەڵکى دەکات دۆلار لە بانک دانەنێت بۆ سودێکى کەم، بەڵکو بچێت مامەڵەى پێوە بکات، بۆ ئەوەش باشترین بازاڕ بازاڕى زێڕە”.
روونیشى کردەوە، بەهۆى کەمکردنەوەى سوودى بانکى خەڵک رووى لە کرینى زێڕ کردووە.
لەبارەى کڕین و فرۆشتنى زێڕ لە بازاڕەکانى هەرێمى کوردستان، هەندرێن وەرتى روونى کردەوە، خەڵکیش دەزانێت زێڕ روو لە بەرز بوونەوەیە بۆیە کڕین زیاترە تا فرۆشتن.
یەک ئۆنسە زێڕ 30 گرام و 100 سەنتە، بەو پێیەى هەر مسقاڵێک زێڕ پێنج گرامە، بەمە یەک ئۆنسە 6 مساقڵ و 250 گرام زێڕە.
سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێریش نرخی زێڕی بۆ ئەمڕۆ بەم شێوەیەی خوارەوە بڵاوکردووەتەوە:
نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 24 بە 645 هەزار دینارە.
نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 22 بە 590 هەزار دینارە.
نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 565 هەزار دینارە.
نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 18 بە 485 هەزار دینارە.