هه‌نگه‌وانێك: له 2 تۆن هاتووه‌ته سه‌ر 40 كیلۆ
بارانى كه‌م هه‌نگوینى ئه‌مساڵى چیاى شنگالى نه‌هێشتووه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
هه‌نگه‌وانێكی سنوورى قه‌زاى شنگال ده‌ڵێت، ئه‌مساڵ دۆخى هه‌نگوینیان زۆر خراپه، هۆكاره‌كه‌شی بۆ بارانى كه‌م ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه رووى له چیاى شنگال كردبوو.
هه‌نگه‌وانانى سنوورى شنگال مێش هه‌نگه‌كانیان له‌سه‌ر چیاى شنگال به‌خێوده‌كه‌ن كه شوێنێكه زۆرترین كشتو‌كاڵى سنووره‌كه‌ى لێ ده‌كرێت.
ساڵح خەلیل، یه‌كێك له‌و هەنگەوانانه‌ی شنگاله به 964ـى وت، كه‌مبارانى ئه‌مساڵ وایكرد به‌رێژه‌یه‌كی كه‌میش كشتوكاڵ له چیاى شنگال بكرێت و ئه‌مه‌ش بۆ به‌خێوكردنى هه‌نگه‌كانسیان زۆر قوڕس بووه و زۆربه‌یان مردوون.
وتیشی “له‌ساڵ 2016 ـه‌وه تاوه‌كو ساڵى پار به‌رده‌وام به‌رمه‌مى ساڵانه‌م نزیكه‌ى دوو تۆن بووه، كه‌چی ئه‌مساڵ ته‌نیا 40 كیلۆكرام به‌رهه‌مى هه‌نگوینم هه‌بووه”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، كێشه‌ى كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌رهه‌مى هه‌نگوین ته‌نیا لاى ئه‌و نیه به‌ڵكو وه‌ك خۆى ده‌ڵێت، له‌سنووره‌كه‌یان زیاتر له 100 هه‌نگه‌وان هه‌ن و ئه‌م كێشه‌یه رووبه‌ڕووى هه‌موویان بووه‌ته‌وه.
باس له‌وه‌شده‌كات تاوه‌كو ساڵى پار خاوه‌نى 80 سندوق مێش بووه و به‌رهه‌مێكی زۆرى هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌مساڵ 350 سندوق مێشی هه‌یه و به‌رهه‌مه‌كه‌شی ته‌نیا 40 كیلۆگرامه.
روونییشیكرده‌وه، ئه‌مساڵ له‌لایه‌ن هه‌ندێك رێكخراوه‌وه هاوكارییه‌كگی زۆرى هه‌نگه‌وانه‌كانى شنگال كراوه، مێش و كه‌لوپه‌ل و پێداویستى به‌خێوكردنیان زۆر پێداون، به‌ڵام كێشه‌ى كه‌م بارانى كاریگه‌رى له‌سه‌ر ته‌اووى هه‌نگه‌وانه‌كان هه‌بووه و رێژه‌یه‌كی زۆریان لێ مردوون.