"چەکیان دانەناوە"

لە بری کەمپی سورداش ژمارەیەک پێشمەرگە لە شاخ ماونەتەوە

964+
ئەحمەد مستەفا

ژمارەیەک “پێشمەرگە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان”، تائێستا رەتی دەکەنەوە دەستبەرداری چەک ببن، “لە ناوچە سنوورییەکان ماونەتەوە”، لە کاتێکدا لە کەمپی سورداش-ی نزیک قەزای دوکان، کار بۆ نۆژەنکردنەوەی کەمپ و دروستکردنی خانوو بۆ نزیکەی 600 خێزانی پێشمەرگە و کەسوکاریان دەکرێ.

لە زاری چوار سەرچاوەوە تۆڕی964، پشتڕاستی بوونی پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، تایبەت سنوورەکانی پارێزگای سلێمانی لە باشوور و پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکاتەوە، سەرچاوەیەک لە کۆمەڵەی کۆمۆنیستی ئێران بە 964ی وت، “بۆ چالاکی لەوێ نین، بەڵکو لەگەڵ میکانیزمی رێککەوتنی ئێران و عێراقدا نین”.

نایەنە خوارەوە

بە هۆکاری ئەمنی کۆمەڵەکان ژمارەی ئەو “پێشمەرگانە” باس ناکەن، بەڵام ئەندامێکی ناوەندی یەکێک لە کۆمەڵەکان ئەمڕۆ شەممە 21.9.2024، لە زرگوێزەوە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “لەناو کۆمەڵەکان پێشمەرگە هەن، لە میکانیزمی رێککەوتنی ئەمنی ئێران و عێراق ناڕازین، بۆیە لە ناوچە کوێستانییەکان و سنوورییەکان بە چەکەوە ماونەتەوە”.

دوو رۆژە، رووداوی پێکدادانی چەکداری ژمارەیەک پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و هێزێکی سوپای پاسداران لە گوندی ئەسکۆڵی مەریوان بووەتە رۆژەڤ، هادی رەسوڵزادە، وتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە 964ی وت، “بە گوێرەی ئەو راپۆرتانەی بە ئەوان دراون، ئەو پێشمەرگانە رازی نەبوون چەک دابنێن و بچنە کەمپ، هەوڵیانداوە لە ناوچە کوێستانە سنوورییەکان جێگیربن، شوێنێک بۆ چالاکی و مانەوەیان بدۆزنەوە”.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی کۆمۆنیستی ئێران، کە لە ناوچەی زرگوێز، زرگوێزەڵە و بانەگەورەی نزیک سلێمانی نیشتەجێن، خاوەن هێزی چەکدارن، رێککەوتنی ئەمنی ئێران و عێراق، بە نهێنی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێ، لایەنە ئەمنییەکان زانیاری ناخەنەڕوو، بەرپرسانی ئەو کۆمەڵانەش ناتوانن بە ئاشکرا رای خۆیان بە رۆژنامەنووسان بڵێن، بۆیە زانیاری نوێ لەبەردەست نییە، کە پڕۆسەی چەکداماڵین تا چ قۆناغێک چووە، کە یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکان.

چوونە سورداش

ئەوەندە نابێ، ئەحمەد گودەرزی، فەرماندەی هێزی سنووری لە سوپای پاسداران بە میدیای وڵاتەکەی وتووە، “هیچ چەشنە چالاکییەک دژ بە ئاسایشی ئێران قبووڵ ناکەن و هەوڵدان بۆ لەنێوبردنیان کاری لەپێشینەیان دەبێت، لە هەر شوێنێک بن”، ئەوە لە کاتێکدا لەگەڵ گیان لەدەستدانی پێشمەرگەکەی کۆمەڵە لە پێکدادانەکەی رۆژی پێنجشەممە، رێکخراوی مافی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا باس لە کوژرانی سێ چەکداری سوپای پاسداران دەکات، بەڵام گودەرزی دەڵێت، “یەک برینداریان هەبووە”.

کەمپی سورداش لە قەزای دوکان کە 70 کیلۆمەتر، دەكەوێتە باکووری رۆژئاوای پارێزگای سلێمانی کە بڕیارە خێزانی پێشمەرگەکان و کەسوکاریان بۆ بگوازنەوە و خواستی ئێران و عێراقی لەسەرە، لە ساڵی 2014 لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراقەوە بودجەی بۆ تەرخان کراوە و بۆ ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق سودی لێ وەرگیرا، كەمپەکە شوێنی 800 کابینە، بناغە و ئاو و ئاوەرۆی بۆ دروستكرا، بەڵام سەرەتا تەنیا 400 کابینەی تێدا دانرا.

بە گوێرەی سۆراغی 964، ژمارەیەك لە خێزانی و کەسوکاری پێشمەرگەکان لە زرگوێزەوە كە نزیكەی 60 خێزان دەبن وەک قۆناغی سەرەتا بۆ کەمپەکە گواستراونەتەوە، بەڵام رۆژانە کار بۆ نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی خانوو دەکرێ بۆ نزیکەی 600 خێزانن. ئەو سەرچاوەی یەکێک لە کۆمەڵەکان کە لە زرگوێزە قسەی بۆ 964 کرد وتی، “ئەوەی كراوە نیشاندانی جێبەجێبوونی بڕیارەکەیە بە لایەنی ئێرانی، ئەگینا كەمپەكە ئامادە نییە و وا خانوومان بۆ دروست دەکەن”.

فەرماندەیەکی کۆمەڵە پێی وایە، پێکدادانەکەی رۆژی پێنجشەممە کاریگەری لەسەر پڕۆسەی چەکداماڵین و گواستنەوەی خێزان و کەسوکاری پێشمەرگەکان هەیە، ئەو بە 964ی وت، “ئەم ماوەیە بەردەوام لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان لە گفتوگۆی چڕوپدابووین، بەڵام ئەوە پێشهاتێکی نوێ بوو روویدا، لە کاتێکدا پێشمەرگەکان بۆ ئەوە لەوێ نەبوون دامودەزگای حکومی بە ئامانج بگرن، بەڵکو سوپای پاسداران خۆی هێرشی کردووەتە سەریان”.

شەش رێکخراو داوادەکەن سەلامەتی پەنابەرانی زڕگوێز مسۆگ...

شەش رێکخراو داوادەکەن سەلامەتی پەنابەرانی زڕگوێز مسۆگەر بکرێ

سەرکردەیەکی کۆمەڵە: گواستنەوەمان شەش مانگی بۆ دانراوە

سەرکردەیەکی کۆمەڵە: گواستنەوەمان شەش مانگی بۆ دانراوە

ئێران و عێراق رێكەوتوون رووبەڕووی گروپە چەكدارەكان بب...

ئێران و عێراق رێكەوتوون رووبەڕووی گروپە چەكدارەكان ببنەوە