ئاگاتان لە تەماتە بێت

ئەندازیارێکی کشتوکاڵی هۆشداری بە جوتیارانی پێنجوێن دەدات دوای بارانبارین

+964

کامیار کەمال- پێنجوێن

شەوی رابردوو بارانێکی بەخوڕ لە پێنجوێن باری و ئەندازیارێکی کشتوکاڵیش دەڵێت، هۆکارێکە بۆ نەخۆشی و دەبێت جوتیاران ئاگاداربن.

محەمەد کەمال ئەندازیاری کشتوکاڵی و خوێندکاری ماستەر لە زانکۆی سەڵاحەدین بە 964ی راگەیاند، بارانەکەی شەوی رابردووی پێنجوێن دەبێتە هۆکاری زیادبوونی نەخۆشيیە کەڕووییەکانی وەک دۆکە و گڕە و ئێستا بە تایبەتی بۆ تەماتە زیانی دەبێت.

باسی لەوەش کرد، باران رێژەی شێ بەرزدەکاتەوە و ژینگەیەکی لەبار دروست دەکات بۆ گەشەسەندنی نەخۆشییەکان.

ئەوەشی خستەڕوو، دۆکە بەشی سەرەوەی گەڵای بەرهەمە کشتوکاڵییەکان سپی دەکات و گڕەش گەڵاکان دەسووتێنێت و دەبێتە هۆی نەرمبوونەوەی تەماتە و کەمبوونەوەی رێژەی بەرهەم و سووتانی گەڵاش، دەبێتە هۆی سووتانی تەماتەکە.

پەروێزخان قسەوباسی جوتیاران بۆ هاوردەی تەماتە رەتدەکا...

پەروێزخان قسەوباسی جوتیاران بۆ هاوردەی تەماتە رەتدەکاتەوە

” ئەگەر ئەم نەخۆشییانە لە سەرەتای بەرگرتنەوە دروست ببن، کاریگەری زۆریان لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەم دەبێت، بۆیە وا باشە جوتیاران بۆ رێگری لەم حاڵەتە ئەو جۆرە قڕکەرە کەڕووییانە بەکاربهێنن، کە بۆ مەبەستی بەرگری و چارەسەر بەکاردێن، ئێستاش بەهۆی بارینی بارانی شەوی رابردووەوە، ئەگەری زیادبوونی ئەم نەخۆشییانە زۆرە، بۆیە وا باشە جوتیاران ئاگاداری بەرهەمەکانیان بن” محەمەد کەمال وای وت.

دۆکە نەخۆشییەکی کەڕووییە، تووشی زۆر جۆر بەرهەمی کشتوکاڵی دەبێت، لە حاڵەتی بەهێزیی نەخۆشییەکەدا کاریگەری لەسەر رێژەی بەرهەم دەبێت و دەشبێتە هۆی وشکبوونی گەڵاکان.

بە گوێرەی بڵاوکراوەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، شەوی رابردوو لە پێنجوێن 6.2 ملم باران باریوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا