بەرهەمەكەی بۆ ناوخۆ و دەرەوەیە

ئەمڕۆ كارگەیەكی ئارد لە زاخۆ دەكرێتەوە

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

بڕیارە ئەمڕۆ كارگەیەكی بەرهەمهێنانی ئارد لە زاخۆ بكرێتەوە، كە بەرهەمەكەی بۆ ناوخۆی كوردستان و دەرەوەی عێراقیش دەنێرێت.

ئەمڕۆ شەممە 21.9.2024 سێ ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تێدەپەڕێت و بڕیارە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی سەردانی ناوچەکە بكات و چەند پرۆژەیەکی گەشتیاری و وەبەرهێنان لەوێ بکاتەوە، کە پێکدێن لە نۆژەنکردنەوەی قەڵای کۆنی زاخۆ، دروستکردنی قۆناغی دووەمی کۆرنیشی زاخۆ، هەروەها کارگەی بەرهەمهێنانی ئارد.

کارگەکە بەرهەمی كەرتی تایبەتە و دەکەوێتە کۆمەڵگای گرشین لە ناحیەی باتێل، لەسەر رووبەری 518 دۆنم زەوی بە 200 ملیون دولار دروست دەکرێت، قۆناغی یەکەم لەسەر رووبەری 18 دۆنم زەوی بە نۆ ملیون دولار کوتایی هاتووە و ئێستا بەرهەمی هەیە، دواتر قۆناغەکانی تریش دەکەونەکار و رۆژانە هەزار تۆن بەرهەمی ئاردی دەبێت، كە بۆ كوردستان و تەواوی عێراق و دەرەوەش، بەو نرخەی کە حکومەت لەسەر دابنێت، رەوانەی دەكات.

جگەرخوێن تاهیر، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی زاخۆ بە 964 وت، “پڕۆژەکە ستراتیژییە و لەسەر ئاستی هەرێم یەکەمە و ئاسایشی خۆراک دابین دەکات، 200 هەلی کاریش دەڕەخسێنێت”.

وتیشی. سایلۆیەکانی کارگەكە دەتوانن 30 هەزار تۆن گەنمی جوتیاران وەربگرن، لە قۆناغی یەکەمدا تەنیا ئارد بەرهەم دەهێنێت، هەروەها ساوار و چەند جۆرێکی تری ئارد و کەرەستەی لەئارد دروستکراو لێی بەرهەم دەهێنرێت بەپێی سروشت و سیاسەتی کارگە و خواستی بازاڕ، پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای خۆشناو جێبەجێ دەکرێت.

“بڕیارە قۆناغی یەکەم ئەمڕۆ بکرێتەوە، قۆناغەکانی دیكەی ژمارەیەک کارگەن و بەرهەمی جۆراوجۆریان دەبێت”، جگەرخوێن وای وت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

دەستەی گەشتوگوزار بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی زاخۆ: رێزی ز...

دەستەی گەشتوگوزار بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی زاخۆ: رێزی زۆر لە گەشتیاران بگرن