قرتاسیە زۆرە و كڕیاری كەمە
“خەڵك دڵنیانەبن قوتابخانە دەكرێتەوە پێداویستی بۆ منداڵەكانیان ناكڕن”
+964
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
لە هەرێمی كوردستان، نزیك دەبینەوە لە دەستپێكردنی وەرزی نوێی خوێندنی 2024-2025، بەو بۆنەیەوە بازاڕەكانی سلێمانی پڕبوون لە پەڕاوگە و پێداویستییەكانی خوێندن، بەڵام فرۆشیارانی پەڕاوگەكان دەڵێن، “بازاڕمان روو لە خراپییە و خەڵكی تا دڵنیا نەبنەوە لە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان، پێداویستییەكان ناكڕن”.
ئەمڕۆ پەیامنێری 964، سەردانی بازاڕی پەڕاوگەكانی سلێمانی كردووە و وەك دەردەكەوێت، بازاڕەكەیان لاوازە و كڕیار و فرۆشیاریش لە دۆخێكی خراپدان.
رێژوان فازیل، یەكێكە لە فرۆشیاری پەڕاوگەكانی ناو بازاڕی شارەكە و بە 964ـی وت، “چەند رۆژێك بازاڕمان جوڵا، بەڵام لەئێستادا بازاڕمان زۆر كزە، خەڵكی بێ پارەیە و موچەكەی نەدراوە، تاوەكو دڵنیاش نەبێت لە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان، هیچ پێداویستییەك بۆ منداڵەكەی ناكڕێت”.
ئەو فرۆشیارە وتیشی، ئەمساڵ نرخەكانمان هەرزانترن، لەبەرئەوەی بەشێك لە كاڵاكانمان هی ساڵی پارە و بۆیە بە نرخێكی كەمتر دەیفرۆشین، سەرەڕای ئەوەش خەڵكی پێیان گرانە و ناتوانن بیكڕن.
بەرهەم ساڵحیش فرۆشیاری پەڕاوگەكانی هەمان بازاڕە و بە 964ـی وت، “بازاڕمان مامناوەندە و ئەمساڵ بازاڕی پەڕاوگە و پێداویستییەكانی خوێندن وەك پارساڵ نییە و كەمێك درەنگیش كەوتووە، دواكەوتنی پێدانی موچەش هۆكاری سەرەكیی بێ بازاڕییەكەیە و بازاڕمان بەراورد بە پارساڵ بۆ ئاستێكی خراپ دابەزیووە، بارودۆخی خەڵك خراپە و رۆژانە سەردانمان دەكەن بۆ كڕینی پێداویستییەكانی قوتابخانە بۆ منداڵەكانیان و ناتوانن بیكڕن”.
رۆشنا سدیق، دایكی قوتابییەكە و بە 964ـی وت، “بە رادەیەكی كەم ئامادەكاریمان كردووە، لەبەرئەوەی كاڵاكان گرانن و بێ موچەییە، پێداویستییەكانی پەڕاوگە و جلوبەرگی قوتابخانەش نرخەكانیان گرانە و كڕیار ناتوانێت بیانكڕێت، ئەمەش لەهەمان كاتدا گرفتی بۆ كڕیار و فرۆشیاریش دروست كردووە”.
پێداچوونەوە: هاوبەش