"90%ی خەڵک کەلوپەل دەفرۆشن"

دوو کاسبکار چیرۆکە تاڵ و شیرینەکانی مەزادخانەی سلێمانی دەگێڕنەوە

964+

دیلان محەمەد جەزا

بەیانییەکی زووی رۆژی هەینییە، لە ناوەراستی شەقامی قەناتەوە پەیتا پەیتا هاوڵاتیانی شار روو دەکەنە بازاڕی مەزادخانەکەی سلێمانی، بەشێکی بۆ فرۆشتنی کەل و پەل دەچن کە بە رۆژانی پڕ ماندوبوون کردراون و بەشێکی دیکەشیان بۆ کڕینی پێداویستییەکی هەرزان.

تا بێت بازارەکە قەرەباڵغتر دەبێت و فرۆشیارەکان چاوەروانی فرۆشتنی کەل و پەلەکانیان دەکەن، لە بەدواداچونێکدا ئەو چیرۆکی کڕین و فرۆشتنەی کۆنە بە تازەی مەزادخانەی سلێمانی باس دەکەین، کە رۆژانە لەلای کاسبکارەکانی تۆمار دەکرێن و دەبنە یادگاری تاڵ و هەندێک جار شیرین.

بە قسەی فرۆشیارەکان بێت، ئێستا 90%ی خەڵک دەچێت بۆ کەلوپەل فرۆشتن، ئەوەش بەهۆی بێ موچەیی و نەبوونی داهاتێکی باش، هەندێک لە خێزانەکانیش بەهۆی نەتوانینی دانەوەی قیستی مانگانە دێن بۆ فرۆشتنەوەی کەلوپەلە تازەکانیان.

هەر پارچەیە و بە هۆکارێک هێندراوەتە ئەو بازارەوە، هەندێکیان سەختی ژیان هێناونی و هەندێکیان ئازاری هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان و بەشێکیشیان خۆشبەختی، تەها حەمەئەمین 48 ساڵی تەمەنی لەناو کەل و پەلی کۆنەدا بەسەر بردووە، چیرۆکە خەمناکەکانی ناو مەزادخانەکە سەریان سپی کردووە.

کارکردن لەم بازاڕەدا بێ سەر ئێشە نییە، ئەو کەسانەی کاری تێدا دەکەن زۆرجار رووبەڕوی چەندین رووداوی نەخوازراو دەبنەوە، دڵشاد عومەر 15 ساڵە کەل و پەلی ماڵان دەکڕێت و بە وردی ئاگاداری کێشەی خێزانەکانە، ژمارەیەک چیرۆک دەگێڕێتەوە.

ئەوەی زیاتر بازاڕی مەزادخانەکەی گەرم کردووە، هاوڵاتییانی عەرەبی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن و زۆرێک لەو کەل و پەلانەی لەوێ دەکڕدرێن دەبرێن بۆ شارەکانی عێراق، کلیک لە ڤیدیۆکە بکەن؛ چیرۆکەکان لە زاری کاسبکارەکانەوە دەبیستن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا