سبەی نۆرەتانە
هەورامییەکان بەرمیل و پارە حازرکەن نەوت دێت
964+
ئەحمەد مستەفا
چەند تەنکەرێک نەوت سبەی پێنجشەممە، لە سلێمانییەوە ملی رێگا دەگرن و دەچنە ناوچەی هەورامان لە هەڵەبجە، دانیشتووانی تەوێڵە و بیارە و گوندەکانی سنوور بەرمیلی بەتاڵ و 104 هەزار دینار ئامادە بکەن.
بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی ئەم کارەی خۆی ئاشکراکردووە و لە بڵاوکراوەیەکدا دەشڵێت، لەگەڵ ئەوەدا دابەشکردنی نەوت لەسنووری قەزای پشدەر بۆ دووەم رۆژ بەردەوام دەبێت.
هەر خێزانێك بڕی یەك بەرمیل نەوتی 200 لیتری پێ دەدرێت بە 104 هەزار دینار، پێشتر بریکارەکانی خۆراک کارتی وەرگرتنی نەوتیان لە هاوبەشانیان وەرگرتبوو، بۆیان نوێ کردنەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە، ماوەی دوو هەفتەیە، خواست لەسەر كڕینی نەوتی سپی ماڵان لە بازاڕی ئازاد زیادی كردووە و ئەوەش واى کردووە نرخەکەى بۆ هەر بەرمیلێک 25 هەزار دینار بەرز ببێتەوە.
هێرش خالید، پیشەی نەوت فرۆشییە لە فولكەی مامە ریشەی سلێمانی و قسەی بۆ 964 كردووە و دەڵێت، لەئێستادا خواستێكی زۆر لەسەر كڕینی نەوت هەیە و خەڵك بۆ وەرزی زستان دەستی كردووە بە كڕینی نەوت، لەدوو هەفتەی پێشوو هەر كە مووچە گەیشت، دەستیان كرد بەكڕینی و بازاڕ گری گرت.
ئەو پێى وایە، دەنگۆ کاریگەرى زۆرى لەسەر نرخى نەوت هەیە، هەر بوترێت نرخ بەرز بووەتەوە خەڵک دێت دەست بە کڕێنى دەکات، ئەگەر دەنگۆى دابەشکردنى نەوتى سپیش هەبێت کەس بەلایدا نایەت و نرخ دادەبەزێت.
لەبارەی گرانبوونی نرخی نەوتی ماڵان، سەلام عومەر، سەرپەرشتیاری دابەشكردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی بە964ـى وت،”هۆكاری گرانبوونی تەنیا ئەوەیە بەرەو وەرزی زستان دەڕۆین و خواست لەسەر كڕینی نەوتی بازرگانی زیادیكردووە”.