لیژنەى ئەمنى پارێزگاى هەولێر:
“بەهیچ شێوەیەک رێگە پێدراونییە جامى ئۆتۆمبێلەکان بە پۆستەر و دروشم دابپۆشرێن و بە شەقامەکاندا بسوڕێنەوە”
964+
وریا فەتاح
لەگەڵ نزیکبوونەوەى بانگەشەى هەڵبژاردن، چەند شەوێکە لە هەولێر کەرنەڤاڵى ئۆتۆمبێلەکان دەستى پێکردووە و بە هەڵواسینى لۆگۆ و ئاڵا و دروشیمى لایەنە سیاسییەکان بە شەقامەکاندا دەگەڕێن و قەرەباڵغى دروست دەکەن، لیژنەى ئەمنى پارێزگاى هەولێریش لەسەر ئەوە هاتووەتە قسە و دەڵێت،”رێگە پێدراو نییە”.
بەپێى راگەیەنراوى لیژنەکە، چەند شەوێکە لە شەقامە سەرەکیەکانى شار و شوێنە گشتییەکان، کەسانێک بە كاروانى زۆرى ئۆتۆمبێل و داپۆشى جام و ژمارەى ئۆتۆمبێلەکانیان بە وێنه و پۆستهر و دروشم و لۆگۆ و بەکارهێنانى ئامێرى بێزاركهر، جگە لە دروستکردنى قەرەبالغیەکى زۆر و ئاستهنگى هاتووچۆ، بوونەتنە هۆى ناڕهحهتى و بێزارى هاوڵاتییان.
“ئاگادارى هەموو لایەک دەکەینەوە لە ئەمڕۆوە تاکوو دەرکردنى بڕیاریى پێویست لە بارەى بانگهشهى ههڵبژاردن، لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بەهیچ شێوەیەک ئەو کارانە رێگە پێدارونییە”، لیژنەکە وا دەڵێت.
هەروەک باس لەوەشکراوە کە پۆلیسى هاتوچۆ و ئاسایش و پۆلیسى ناوخۆ، دەستکراوەکراون بۆ وەرگرتنى رێکارى یاسایی لە بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک ئەو جۆرە سهرپێچییانە ئەنجامبدات.
جەختیش لەوەکراوەتەوە، هەرکەسێک پابەند نەبێت دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەى دادەگیرێت.