لە کوێ دروستکراون؟

زانیاری نوێ لە بارەی ئەو ئامێرانەی لە لوبنان تەقینەوە

964+

وریا فەتاح

لە کاتژمێر 3:30ـى خولەکى پاشنیوەڕۆى دوێنێ سێشەممە لە لوبنان، زیاتر لە 2000 ئامێری پەیجەر پێکەوە تەقیونەتەوە، هەتا کاتژمێرێک دوای ئەوەش پرۆسەکە بەردەوام بووەو هەندێ ئامێری دیکە درەنگتر تەقیونەتەوە.

بەپێی وێنەکان بێت ئەو ئامێرە کۆمپانیای (Gold Apollo) دروستی کردوون کە بارەگاکەی لە تایوانە.

خاوەنی کۆمپانیاکە دەڵێت ئەم ئامێرانەی تەقیونەتەوە کارگەیەک لە ئەوروپا دروستی کردوون و لە تایوان دروست نەکراون.

رۆژنامەی ئەلمۆنیتەر لە راپۆرتێکدا باسى ئەوەى کردووە کە ئیسرائیل ناچار بووە ئامێرەکان بتەقێنێتەوە، دوای ئەوەی دوو چەکداری لوبنانی بۆیان دەرکەوتووە کە ئامێرەکانیان هاک کراوە.

تائێستا چوار گریمانە هەیە بۆ تەقینەوەی ئامێرەکان:

1- لەرێی کۆدێکەوە پاترییەکە گەرم کرابێت و تەقیبێتەوە، پسپۆڕانی بواری پەیوەندی ئەمە بە دوور دەزانن.

2- کەسانێک دزەیان کردبێتە ناو تۆڕی حیزبوڵڵاو تەقەمەنیان لەناو ئامێرەکان چاندبێت.

3- لە کاتی دروستکردن تەقەمەنی خرابێتە ناو ئامێرەکانەوە.

4_ پاتری ئامێرەکە گۆڕدرابێت بە جۆرێکی تر کە تەقەمەنی تێدایە.

بەپێى نوێترین ئامارى تەندروستى لوبنان، تائەمڕۆ 4000 کەس بریندار بوون، لەو ژمارەیە برینى 400 کەسیان سەختە و 11 کەسیش کوژراون.