"حکومەتی عێراق لەسەر خەتە"
تەرمی گەنجەکەی دەربەندیخان کە لە نۆکەندی ئینگلیز خنکا کەی دەگەرێنرێتەوە؟
964+
شۆڕش قادری
هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر خەتن بۆ هێنانەوەی تەرمی ئەو گەنجەی دەربەندیخان کە چەند رۆژ پێش لە نۆکەندی ئینگلیز خنکا.
سلێمان محەمەد قائیقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، “هێنانەوەی تەرمی دیاری کامەران ئەو گەنجەی 15ـى ئەم مانگە لە ئاوی نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا خنکا، نزیکەی 15 بۆ 20 رۆژی پێدەچێت”.
“بە هەماهەنگی لەگەڵ کەسوکارەکەی، نوێنەرانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق لەسەر خەتن بۆ هێنانەوەی تەرمەکەی بۆ کوردستان”، سلێمان محەمەد وای وت.
دیاری کامەران تەمەنی نزیکەی 25 ساڵە و دانیشتووی گوندی ئاوبارە بوو لە قەزای دەربەندیخان، لەگەڵ باوکی بەیەكەوە رۆیشتوونەتە دەرەوەی وڵات و بەنیازبوون خۆیان بگەیەنە بەریتانیا، بەڵام مەرگ مەودای نەدا و رۆژی یەکشەممە 15.9.2024 بەلەمەکەیان کە نزیکەی 60 کۆچبەری هەڵگرتبوو، لە نۆکەندی ئینگلیز کونبووە و ئاوى تێچووە، بەهۆیەوە دیاری کامەران و حەوت کەسی تر خنکان، بەڵام باوکی بە سەلامەت دەرچوو.