وەزارەتى تەندروستى لوبنان:

لە تەقینەوەکانى دوێنێدا 11 کەس گیانیان لە دەست داوە و 4 هەزار بریندار هەیە

964+

وریا فەتاح

وەزارەتى تەندروستى لوبنان، نوێترین ئامارى تەقینەوەکانى دوێنێێ راگەیاند کە تێیدا 11 کەس گیانیان لە دەست داوە و 4 هەزارى دیکەش بریندارن.

بەپێى لێدوانى وەزیرى تەندروستى ئەو وڵاتە، لە ناو بریندارەکاندا 400 کەس برینەکانیان سەختە.

لە رووداوێکى جیاوازى تەقینەوەدا، ئێوارەى دوێنێ هێرشێکى ئەلیکترۆنى کرایە سەر ئامێرە بێ تەلەکانى حیزبوڵڵاى لوبنان کە بە (پەیجەر) ناسراون و تێکڕا سەدان و هەزاران ئامێر تەقینەوە.

پەیجەر چییە؟

پەیجەر ئامێرێکی ئەلیکترۆنی بچووکە کە بەکاردێت بۆ وەرگرتنی نامەی کورت یان ئاگادارکردنەوە بەبێ هێڵی ئینتەرنێت، بە پاترییەک بارگاوى دەکرێت و کاتێک سیگناڵى دروست وەردەگرێت لە رێگەى ئاگادارکردنەوەیەکى بینراو یان لەرزین، پەیام دەنێرێت بۆ کەسى مەبەستدار و زۆر جاریش پەیوەندییەکان لە رێگەى گروپێکەوە ئەنجام دەدرێن و لەیەک کاتدا پەیام بۆ هەمووان دەچێت، بەگشتیش ئاڵوگۆڕ و پەیامەکان وشەیین.

ئەو ئامێرە لە کۆتایى هەشتاکانى سەدەى رابردوو و تا کۆتایى نەوەدەکان گەیشتە لوتکە، بەڵام بە هاتنى مۆبایل خۆرى بەرەو ئاوابوون رۆشت و ژمارەیان کەم بووەوە، بەڵام لە کۆتایى نەوەدەکان زیاتر لە 60 ملیۆن پەیجەر لەسەرانسەرى جیهاندا لەکاردابوون.

عامر تەبش، راوێژکارى بەناوبانگى کاروبارى تەکنەلۆژیاى زانیارى و پەیوەندییەکان لەبارەى ئەو رووداوەوە بە میدیا لوبنانییەکانى راگەیاند، ئامێرەکە ئامێرێکى کۆنە و لەلایەن ئەندامانى حیزبوڵڵا بەکاردەهێنرێت بۆ گواستنەوەى پەیامێکى کورتى سنووردار .

بە وتەى ئەو شارەزایە، پەیجەر جیاوازە لە ئامێرە بێ تەلەکانى پەیوەندى، چونکە پەیامەکانى دەنگى نین و بە کۆدى کورتکراوەى وشەیى دەنوسرێن.

لەبارەى تەقینەوەى ئامێرەکانیشەوە روونى کردووەتەوە کە دەتوانرێت ئەو ئامێرانە هاک بکرێن بە بەدەستهێنانی شەپۆلێک لەسەر پاترییەکەیان، ئەوەش کاتێک روودەدات کە ئامێرەکە لە تواناى خۆى زیاتر بارى لەسەر بێت و ببێتە هۆى تەقینەوەى پاترییەکەى.

وەک ئەوەى باسى دەکات، پاترى ئامێرەکە ئەو بەشە بووە کە بووەتە هۆى تەقینەوەکانى ئەمڕۆ، چونکە بووەتە هۆى بەرزبوونەوەى پلەى گەرمى پاترییەکە و تەقیوەتەوە.

بۆچى چەکداران و ئەندامانى حیزبوڵڵا ئەو ئامێرەیان بەکاردەهێنا؟

حیزبوڵڵا وەک گروپێکى نەیارى رۆژئاواو و ئەمەریکا و ئیسرائیل کاردەکات و متمانەى بە ئامێرە پەیوەندییە پێشکەوتووەکان لاوازە، هەر بۆیە لەچوارچێوەى لوبناندا بۆ خۆپاراستن لە دزەکردنى زانیارییەکان پەنایان بۆ ئەو ئامێرە بردووە و لەو رێگەیەوە پەیامەکانیان ئاڵوگۆڕ کردووە.

هەرچەندە تائێستا هیچ لایەک بەفەرمى رووداوەکەى نەخستووەتە ئەستۆى خۆى، بەڵام گومانەکان لە ئیسرائیل و دەزگا هەواڵگرییەکەى تێناپەڕن.

تەقینەوەکان زنجیرەیى بوون و زیاتر لە لوبنان و ئەو شوێنانە روویانداوە کە حیزبوڵڵا تێیدا بەهێزە، بەڵام باڵیۆزى ئێرانیش پێوە بووە و یەکێکە لە بریندارەکان، دەوترێت چەند ئامێرێکى پەیجەر لە سووریاش تەقیونەتەوە، بەڵام ئەمەیان پشتڕاستکراوە نییە.

رووداوەکە، شکستێکى گەورەى ئەمنییە بۆ گروپە چەکدارە لوبنانییەکان بەتایبەت حیزبوڵڵا، چونکە ئەوان بۆ خۆ دەربازکردن لە دزەکردنى زانیارییەکان لەناو خۆیاندا بەکاریان دەهێنا.

بەپێى گرتە ڤیدیۆییەکان دەردەکەوێت، زۆرینەى ئەوانەى بەر تەقینەوەکە کەوتوون بریندار بوون، لەناو بریندارەکاندا هەیە ئامێرەکەى بەدەستەوە بووە و هەبووە لە گیرفانیدا بووە و هەبووە لە جانتاکەیدا و هەبووە لەسەر مێزێک دایناوە، بەڵام بەگشتى بەپێى دوورو نزیکى ئامێرەکە لە بەکارهێنەر رێژەى زیانەکە زیاد و کەم بووە.

حیزبوڵا متمانەى بە مۆبایل و تۆڕى پەیوەندییە جیهانییەک...

حیزبوڵا متمانەى بە مۆبایل و تۆڕى پەیوەندییە جیهانییەکان نەبوو بۆیە پەیجەرى بەکار دەهێنا

زانیارى زیاتر دێت…