ساڵانە فێستیڤاڵى چا بەڕێوە دەچێت
لە کەلار پەیکەرى سەماوەر دانرا
964+
میلاد جەلال- گەرمیان
کەلارى و گەرمیانییەکان گوێیان لە گەرما نییە، پەیکەرى سەماوەریان لە سەنتەرى شار دانا و دەیانەوێت بیکەن فێستیڤاڵێکى ساڵانە.
ئەمڕۆ هەینى، رێکخراوى هاوکارى ئەڵمانى بە هاوبەشى لەگەڵ چایخانەى میللەت و شارەوانى کەلار، پەیکەرى سەماوەریان لەناو پارکێکى سەنتەرى شاردا، دانا.
ئارام مەلا نورى، سەرپەرشتیارى بیرۆکەکە بە 964ـى وت،”سەماوەرەکە قەبارەکەى سێ مەترە و لەسەر پایەیەکى کۆنکرێتى یەک مەترى دانراوە، واتا بەرزییەکەى لە زەوییەوە چوار مەترە”.
“مەبەستەکە ئەوەیە سەماوەر پەیوەندییەکى پتەوى بە کلتور و خێزانەوە هەیە و خەڵکێکى زۆر چاى دەخۆنەوە، بۆیە بیرمان لەوە کردەوە سەماوەرێک بکەین بە پەیکەرى چاى”، ئارام مەلا نورى واى وت.
وەک باسى دەکات، لەگەرمیان وەک شوێنەکانى دیکە گوێز و بەرهەمى کشتوکاڵیان نییە، بۆیە بیریان لەوە کردووەتەوە ساڵانە فێستیڤاڵى چاى رێکبخەن و ئەو کارەش هەنگاوێکە بۆ ساڵى داهاتوو کە فێستیڤاڵى چا ئەنجام بدەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح