لە پێنج مانگدا
سێ ملیۆن و 75 هەزار تۆن کاڵا لە کرماشانەوە هاوردەی هەرێم و عێراق کراوە
964+
شۆڕش قادری
لە ماوەی پێنج مانگدا سێ ملیۆن و 75 هەزار تۆن کاڵا لە دەروازە سنورییەکانی پارێزگای کرماشانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە و بەروارد بە ساڵی رابردوو 130٪ زیادیکردووە.
عەلی ئەسغەر عەباس زادە بەڕێوەبەری گشتی گومرگی پارێزگای کرماشان بە ئاژانسی هەوڵی مێهری راگەیاندووە، “لە 21.3.2024 تا 21.8.2024 سێ ملیۆن و 75 هەزار تۆن کاڵا بە بەهای دوو ملیار و 684 ملیۆن 99 هەزار دۆلار لەڕێی گومرگی کرماشان و لە دەروازە سنوورییەکانمانەوە هەناردەی عێراق کراوە، کە بەروارد بە ساڵی رابردوو لەو کاتەدا رێژەکە 130٪ زیادیکردووە”.
“لە کۆی کاڵای هەناردەکراوە، زۆرترین رێژە کە دەکاتە یەک ملیۆن و 301 هەزار و 382 تۆن کاڵا، لە گومرگی پەروێزخان گومرگ کراوە، 670 هەزار و 615 تۆنیش لە گومرگی مونزەریەوە بووە، ئەوەی دیکەش لە دەروازە سنورییەکانی سومار و شێخ سەلە و شوشمێ گومرگ کراوە و هەناردە کراوە”، عەباس زادە وای وتووە.
ئاماژەی بەوشکردووە، زۆربەی ئەو کاڵایانەی لە پارێزگای کرماشانەوە هەناردە هەرێمی کوردستان و عێراق کراون، میوە و سەوزە و کەرەستەی بیناسازی بوون.