وتەبێژەکەی هاتوچۆ بێدەنگ دەکرێت
میدیازان – دیسکی سلێمانی
بە بڕیاری وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لێکۆڵینەوە لەگەڵ وتەبێژی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی دەکرێت، ئەمەش بەهۆی ڕەخنەگرتن لە حکومەت و خراپی ڕێگەوبانەکان لە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی ناوخۆ لە نوسراوێکدا، کە رۆژی 3 شەممە بڵاوبووەتەوە و واژووی وەزیری ناوخۆی لەسەرە، بڕیاریداوە بە دروستکردنی لیژنەیەک لە دژی رائید بەهمەن عەبدوڵڵا، ئەفسەر لە هاتوچۆی سلێمانی و وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە.
لە نوسراوەكەدا هاتووە “پێكهێنانی ئەنجومەنی لێكۆڵینەوە لەسەر رائید بەهمەن عەبدوڵڵا كە زانیاری نادروستی بڵاوكردووەتەوە دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان.”
رائید بەهمەن لە پەیجی تایبەتی خۆیەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، نوسیویەتی ” ئەگەر بە پارەی خۆمان حكومەت بەڕێوە دەبەن ئەی پارەی بیرە نەوتەكان بۆ كێیە؟”
میدیازان پەیوەندی بە رائید بەهمەن عەبدوڵڵاوە کرد، بەڵام بەبێ ئەوەی رەتیبکاتەوە، ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەبارەی نوسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ بدات.
لەسەر نوسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی “نهێنی” بوونی هەیە، هەروەها دەرکەوتووە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر نوسراوەکە کردووە، بەگوێرەی زانیارییەکانیش، سێ کەس لەو ئەنجومەنەی پێکهێندراوە ئەندامن، دوانیان لە پارێزگای سلێمانین و یەکێکی دیکەیان لە پارێزگای هەولێرە.