بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە رەتی دەکاتەوە ئەو هەواڵە راست بێت

 ئایا ژینگەپارێزانی راپەڕین مانیان گرتووە؟

+964

ژێوار خدر

لە بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سنوری راپەڕین، بەیاننامەیەک لە زاری ژینگەپارێزانەوە بڵاوکراوەتەوە و دەڵێن، وا بڕیار بوو موچەکانمان زیاد بکرێت بەڵام زیاد نەکراوە، و ئێمە بێدەنگ نابین و لە 25.9.2024 گردبوونەوە دەکەین.

بەیاننامەکە ئاڕاستەی سەرۆکی گشتی شارەوانییەکانی راپەڕین کراوە، واش بڵاوبووەتەوە ژینگەپارێزانی دەڤەری راپەڕین مانیان گرتبێ و زبڵ و خۆڵی ماڵان کۆنەکەنەوە، بەڵام رێباز پیرۆت، جێگری بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی راپەڕین بە 964ـی وت، تاوەکو ئێستا هیچ شتێک بە فەرمی بە ئێمە نەگەیشتووە.

وتیشی، ئێمە قسەمان لەگەڵ بەڕێوەبەری کۆمپانیای پاککەرەوە کردووە و ئەوان رەتییان کردووەتەوە هیچ کارمەندێکییان مانی گرتبێت، دەشڵین بۆیە تاوەکو ئێستا موچەکە زیاد نەکراوە، چونکە چاوەڕێی نوێ کردنەوەی گرێبەستین و هەر کات گرێبەستەکەمان نوێ کردەوە موچە زیادکراوەکانی ژینگەپارێزان  خەرج دەکەین.

روونیشیکردەوە، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە پێی راگەیاندوون، بەیانی موچەی ژینگە پارێزان دابەش دەکرێت.

سێ مانگ لەمەوبەر وابڵاوکرایەوە، موچەی ژینگەپارێزانی دەڤەری راپەڕین، لە 335 هەزارەوە دەکرێت بە 400 هەزار دینار، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە، ئەوکات سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای بیڤان، کە کۆمپانیای پاککەرەوەن لە دەڤەری راپەڕین بە 964ـی وتبوو، دوای سێ مانگی دیکە ئەگەر تەندەری پاکردنەوەی راپەڕین دووبارە بۆ کۆمپانیای “بیڤان” دەربچێتەوە، مووچەی ژینگە پارێزان دەکرێت بە 400 هەزار دینار.

زیاد کردنی مووچەی ژینگەپارێزان تەنها ئەگەرە

زیاد کردنی مووچەی ژینگەپارێزان تەنها ئەگەرە