چۆن خۆت لە سزای کامێرای پۆینت تۆ پۆینت دەپارێزیت؟

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

ئەگەر ئۆتۆمبێلی تایبەت لە شەقامی خێرادا 110 کیلۆمەتر و بارهەڵگریش 80 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا ببڕن، ئەوا تووشی سزای کامێرای خاڵ بۆ خاڵ نابن. ئەو زانیارییە هی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێرە.

ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زاری فازڵ حاجی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێرەوە ئاشکرای کردووە، لە قۆناغی یەکەمدا سیستمی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی خاڵ بۆ خاڵ لە پارێزگای هەولێر و سلێمانی دادەندرێت وەک سەرەتاش لە شەقامە خێراکان جێگیر دەکرێن.

فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ئەوەشی وتووە: كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رێكارەكانی پاراستن و سەلامەتی ھاوڵاتیانی بۆ  بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی ئارام و سەلامەت و تەندروست لەبەرچاو گرتووە و دانانی ئەو کامێرایانەش لەو چوارچێوەیەدایە.

سەبارەت بە کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ ئاشکرایکرد، زۆر پێشكەوتووترن لە كامێراكانی پێشوتر کە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی خێرایی دانراون، كە تەنیا دەتوانن كۆنتڕۆڵی خێرایی شۆفێر لە خاڵێكدا بکات، بەڵام ئەم سیستەمە نوێیە بە شێوەیەكە لەنێوان دوو كامێرادا دەتوانرێت ئەوە بزانین شۆفێران لەوكاتەدا لەو چەند كیلۆمەترەی تێدەپەڕێت چۆن رەفتاریان كردووە.

لە شەقامە خێراکان بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت 110 کیلۆمەتر و بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرد 80 کیلۆمەتر دیاری کراوە، ئەگەر شۆفێر پابەند بێت بەو خێراییە هیچ سزایەکی ئەو کامێرایانەی بۆ نایەتەوە، ئەگەر بێت و لەنێوان کامێراکانیشدا ئەو ماوەی بۆی داندراوە بیبڕێت، بۆ نموونە لە کامێرایەکەوە بۆ یەکێکی تر دەبێت بە دوو خولەک ببڕدرێت، شۆفێر زووتر تێپەڕێت سزا دەدرێت. ئەمە وتەی فازڵ حاجییە.

زانیارییەکانی وتەبێژەکەی هاتوچۆی هەولێر ئەوەشی تێدایە، کە بۆ ئۆتۆمبێلی هاتوچۆ کامێراکان دوو جۆر سزا تۆمار دەکەن، ئەوانیش تیژڕەوییە لەگەڵ لادانی بارهەڵگرەکانە لە دەستەڕاستی شەقامەکانەوە بۆ ناوەڕاست و دەستەچەپ.