لە سلێمانی
هەڵمەتی لابردنی فسفۆڕ و زیادەڕۆییەکانی بەردەم دوکانەکان دەستیپێکرد
+964
دیلان محەمەد – سلێمانی
لە سلێمانی هەڵمەتی لابردنی فسفۆڕ و زیادەڕۆییەکانی بەردەم دوکانەکان دەستیپێکرد.
لیژنەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانی سلێمانی بە هاوکاری هاتوچۆی سلێمانی دەستیان کرد بە لابردنی ئەو فسفۆڕە و زیادەڕۆییانە کە دوکانداران لە بەردەم دوکانەکانیان دایاندەنێن و دەڵێن، “ئەگەر دووبارەی بکەنەوە سزا دەدرێن”.
عوسمان عارف لێپرسراوی بەشی زیادەڕۆیی لە شارەوانیی سلێمانی بە 964ـی وت، “بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی هەڵمەتێکیان بۆ رێگەگرتن لە قۆڕخکردنی بەردەم دوکانەکان و دانانی فسفۆڕ و زیادەڕۆییەکان دەستپێکردووە”.
“سەرەتا ئەو فسفۆڕ و دەبە ئاوانەی لە بەردەم دوکان و بینا بازرگانییەکان دانراون و شوێنەکانیان قۆڕخ کردووە، لادەبەین و دواتر خاوەن دوکانەکان ئاگادار دەکەینەوە ئەگەر دایانبنێنەوە، لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکەین”، عوسمان عارف وادەڵێت.
هیچ دوکاندارێک بۆی نییە بە شۆفێرێک بڵێت، نابێت ئۆتۆمبێل لەو شوێنە رابگریت
وتیشی، “شەقام موڵکی گشتییە و موڵکی تاکەکەس نییە و هیچ دوکاندارێکیش بۆی نییە بە شۆفێرێک بڵێت، نابێت ئۆتۆمبێل لەو شوێنە رابگریت”.
لێپرسراوی بەشی زیادەڕۆیی لە شارەوانیی سلێمانی راشیگەیاند، “ئەگەر دوکانداران و کاسبکاران بەردەوام بوون لە زیادەڕۆییەکان، دوکانەکەیان بۆ ماوەی هەفتەیەک دادەخرێت و سزا دەرێن”.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری