بەڕێوەبەری ناحیەی زینانە:

لە زینانە راوچییەکان بە رۆژی رووناک راودەکەن و ترسیان نەماوە

+964

سیروان خورشید – خورماتوو

دوای دەستگیرکردنی بەرپرسی بنکە و پێنج پۆلیسی دارستانی ناحیەی زینانە لە گەرمیان، بەڕێوەبەری ناحیەکە نیگەرانە لە پرسی راوکردن لە ناوچەکە و دەڵێت، راوچییەکان ترسیان نەماوە و بە رۆژی رووناک راودەکەن.

حەوت مانگ لەمەوبەر تەرمی راوچییەک بە کوژراوی لە ناوچەی داودەی سەر بە ناحیەی زینانە کە دەکەوێتە سنوری نێوان قەزاکانی خورماتو – کفری، دۆزرایەوە.

ئەوکات چەند گومانێک لەبارەی رووداوەکەوە دروستبوون، لەوانە، کوشتنی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، یان بەرکەوتنی فیشەک لەکاتی راوکردندا، گومانێکی تریش، تەقەلێکردن و کوشتنی بووە لەلایەن مەفرەزەیەکی پۆلیسی دارستانەوە، بۆیە دادوەری لێکۆڵینەوەی کفری سەرەتای مانگی رابردوو بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ بەرپرسی بنکە و پێنج پۆلیسی دارستانی ناحیەکە دەرکرد و لەئێستاشدا لە گرتوخانەی گەرمیان دەستبەسەرن و ئازاد نەکراون.

وەهاب ئەحمەد، بەڕێوبەری ناحیەی زینانە بە964ـی وت، “تائێستا بەرپرسی بنکەی دارستان و پێنج پۆلیسەکە ئازاد نەکراون و تەنها ئۆتۆمبێلەکەیان دراوەتەوە، ئەو ئۆتۆمبێلەی پۆلیسی دارستانیش کە دەستی بەسەرداگیرابوو، بە بڕیاری دادگا دراوەتەوە”.

“دەستگیرکردنی ئەو شەش کەسە کاریگەری خراپی لەسەر باری دەروونی هەموو پۆلیسەکانی ئێمە و شوێنەکانی دیکەش هەیە، چونکە وەک پێویست ناتوانن لێپێچینەوە لە راوچییەکان بکەن”، وەهاب ئەحمەد وای وت.

دەشڵێت، “پێشتر راوچییەکان بە شەو دەهاتن بۆ راوکردن، بەڵام ئێستا بە رۆژی رووناک دێن و لە نزیک ناحیەکەوە راودەکەن، چونکە راوچییەکانیش لە حاڵەتەکە تێگەیشتوون و دەزانن پۆلیس لە چ دۆخێکدایە”.

هەر سەبارەت بەو پرسە، ھاشم عەلی، وتەبێژی پۆلیسی دارستانی گەرمیان بە 964ـی وت، “ئێمە ھەموو ھەوڵێکمان داوە بۆ ئازادکردنی ئەو پۆلیسانە و چەند پارێزەرێکمان بۆ گرتوون، بەڵام بە بڕیاری دادوەر راگیراون و تاوەکو لێکۆڵینەوە و ئیجرائاتەکان تەواو نەبێت ئازاد ناکرێن”.

جەزا فازڵ، یەکێک لە پارێزەرانی پولیسە دەستگیر کراوەکان بە 964ـی وت، “ئەوان بەردەوامن لەهەوڵەکانیان، بەڵام، تائێستا دادگا نەگەیشتووە بە لێکوڵینەوەی کۆتایی.

وتیشی، لەکاتی کوشتنی راوچیەکە، چەند هاوڕێیەکی لەگەڵ بووە و هەر ئەو کات ئەوانیش دەستگیرکراون بە تۆمەتی کوشتنی راوچیەکە، بەڵام هاوڕێکانی تۆمەتی کوشتنی راوچیەکە دەخەنە پاڵ پۆلیسەکان.

دەشڵێت، لەئێستادا، دادگا داوای چەکی ئەو پۆلیسانەی کردووە بۆ ئیجرائات و لێکوڵینەوەی زیاتر، بەڵام لەلایەن بنکەی پۆلیسی دارستانی زینانەوە چەکەکان رادەست نەکراوە، بۆیە تا یەکلاکردەوەی بابەتەکە پۆلیسەکان ئازاد ناکرێن.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری