ئومێدیان بە پۆلیسە بیانگرن

ئیشەکەی پارێزگاری کەرکوک خەڵکی قاچاخیش پارەی تێدا خوارد

964+
ئەحمەد مستەفا

شارەوانیی کەرکوک هانا بۆ پۆلیسی شارەکە دەبات، تا بەدوای ئەو کەسانەدا بگەڕێن ماوەیەکە بە ناوی کارمەندی شارەوانی، پیاوەتی بەسەر ئیشەکەی پارێزگارەوە دەکەن و لەبەرانبەر فڕێدانی خۆڵ و خاشاک پارەیان لە خەڵک وەرگرتووە.

روون نییە و شارەوانی روونی ناکاتەوە، ئەو کەسانە کێ بوون و ژمارەیان چەندە، وادەردەکەوێ مەبەستیان بووبێت جارێ خەڵک ئاگادار بکاتەوە.

رێبوار تەها، پارێزگای کەرکوک هەر هاتە سەر تەخت، ئیشێکی بەرچاو، کە کردی، ئەوەبوو بە کۆمپانیاکانی پاککەرەوەی کەرکوکی وت، “خۆڵ و خاشاکی ناو کۆڵانەکان لە دوو هەفتەدا پاک بکەنەوە، یان گرێبەستەکانتان هەڵدەوەشێنمەوە”.

ئیشەکە چلەی چوو، بەڵام پاککردنەوەی خۆڵ و خاشاک کۆتایی نەهاتووە، ئەمڕۆ 10.9.2024، شارەوانیی کەرکوک روونکردنەوەیەکی بە هەرسێ زمانی عەرەبی، کوردی و تورکمانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، “لە ماوەی رابردوودا تێبینی ئەوەمان کردووە، ژمارەیەک کەسی نەناسراو لەژێر ناونیشانی جیاجیا بڕە پارەیەک لە هاوڵاتیان وەردەگرن، لەبەرامبەر پاککردنەوەی کوچە و کۆڵانەکانی شارەکە و خۆیان وەک کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی کەرکوک دەناسێنن”.

شارەوانی بێ بەریبوونی خۆی لەو کەسانە رادەگەیەنێت و دەڵێت، “نوێنەرایەتیی شارەوانی ناکەن و هیچ گرێبەستێکیان لەگەڵماندا نییە، ئێمە وێستگەکانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکمان راسپاردووە، کە بە هیچ شێوەیەک مامەڵەیان لەگەڵدا نەکەن، کە زۆرێک لەو کەسانە زبڵەکانیان فڕێدەدەنە سەر شەقام و رێگا گشتییەکان و سیمای شارەکە ناشرین دەکەن”.

شارەوانی هانا بۆ پۆلیس دەبات و دەڵێت، “داوا لە پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان دەکەین بەدوایاندا بگەڕێن، بە مەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی پێویست بەرامبەریان”، نیەتی خۆی دووپات کردووەتەوە دەڵێت، “وەک شارەوانی بەردەوام دەبین لە کارکردن بەمەبەستی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری”.

شارەوانی کەرکوک فریای هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاکی شارەکە ...

شارەوانی کەرکوک فریای هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاکی شارەکە ناکەوێت