کۆمیسیۆنی هەرێم: دادگای فیدڕاڵی لە بەرژەوەندی ئێمە بڕیاری دا

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق لە بەرژەوەندیی کۆمیسیۆنەکەیان بڕیاری داوە و ڕەتیشی دەکاتەوە بە نادەستووری لە قەڵەمی دابن.

لەسەر سکاڵای ژمارەیەک پەرلەمانتاری نەوەی نوێ‌ سەبارەت بە نادەستوورییبوونی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێم، دادگای فیدڕاڵیی عێراق دانیشتنێکی لەسەر کردو تیایدا نادەستووریبوونی کۆمیسیۆنەکەی ڕەت کردەوە.

شیروان زرار، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێم بە میدیازانی ڕاگەیاند: دادگای فیدڕاڵی بڕیارەکەی داوە و ئێمەی بە یاسایی لە قەڵەم داوە و لە کارەکانمان بەردەوام دەبین.

وتیشی:  “تەنها شتێک گۆڕاوە ئەویش ئەوەی لەمەودوا لە هەڵبژاردنەکاندا هه‌ماهه‌نگیمان لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەبێت، ئەوان نایەن دەستبخەنە هەڵبژاردنەکانی هەرێمەوە، بەڵام هه‌ماهه‌نگیمان و ڕاگۆڕینەوەمان دەبێت، کە پێشتری بە نووسراوی فەرمی ئەوەمان نەبووە.”