رێکدەخرێنەوە
قایمقام دەستگێڕەکانی سلێمانی بانگ کرد و نیەتی خۆیانی پێ وتن
964+
ئەحمەد مستەفا
قایمقام لەگەڵ دەستگێڕ و فرۆشیاری سەر عارەبانەکانی ناوبازاڕی سلێمانی یەکیان بینی و نیەتی خۆیانی پێ وتن، “بۆ رێکخستنەوەی ناو بازاڕی شارەکە”.
بەگوێرەی راگەیەندراوی دیدارەکەیان بێت، “قایمقام وتوویەتی رێگە بە هیچ کەسێک نادەن لە دەرەوەی رێنماییەکان کاربکات”.
ئەمڕۆ سێشەممە 10.9.2024، دیدارەکە ئەنجامدراوە، قایمقامیەتی سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، “لە کۆبوونەوەیەکدا باسیان لە رێکخستنی زیاتری ناو بازاڕەکانی سلێمانی کرد، کە لە بەرژەوەنديی دوکاندار و خاوەن عەرەبانە و دەستگێڕەکان بێت، بە جۆرێک نەبێتە هۆی بێزاری و رێگری لە هاتوچۆی هاوڵاتیان و ئەو کەسانەی سەردانی بازاڕەکان دەکەن”.
باس لەوەشکراوە، گرنگی زیاتر بە لایەنی سەلامەتی بدرێت و هەموو کاسبکارێک پابەندبێت بەو کات و شوێنەی بۆ کارکردن بۆی دیاریکراوە، عوسمان عارف بەرپرسی بەشی زیادەڕۆیی لە شارەوانيی سلێمانی لە بارەی رێکخستنەوەیان بە 964 وتووە، “پلانێک خراوەتە بەردەست شارەوانیی سلێمانی، پێشنیاز کراوە شوێنی ئەو دەستگێڕانە رێکبخرێتەوە و کەپریان بۆ دروست بکرێ”.
بەرپرسی بەشی زیادەڕۆیی لە شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، “لەو عارەبانانە جێگەیەکی زۆر دەگرن، ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ هاوڵاتیان دروست دەکەن، لە پلانەکە داواکراوە جێگەیەکی رێکخراویان بۆ دابین بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت قووتی هاوڵاتیان ببڕدرێت”.
بەشی زیادەڕۆی شارەوانی سلێمانی سەرەتای 2024، سەرژمێری بۆ سەرجەم عارەبانە و دەستگێڕەکانی ناو بازاڕی سلێمانی کردووە، ناو و پیشە و تەمەنیان وەرگیراوە، بە گوێرەی ئاماری ئەوان بێت، نزیکەی هەزار دەستگێڕ لە ناو بازاڕی سلێمانیدا هەن.
دیمەنی کۆبوونەوەکە؛