عێراق مانگانە نزیکەی 100 ملیۆن دۆلاری لە ئاسمان دەستدەکەوێت

+964

فەهمی نەبی-هەولێر

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، هەر رۆژێک 600 فڕۆکەی گواستنەوە بەسەر ئاسمانی وڵاتەکە تێپەڕ دەبێت و بە گشتی مانگانە 98 ملیۆن و 550 هەزار دۆلار کرێیان لێوەردەگرن.

عێراق بۆ هەر فڕۆکەیەک کە بەسەر ئاسمانی وڵاتەکەی تێپەڕدەبێت 450 دۆلار وەردەگرێت.

وەزارەتی گواستنەوە باسی لەوەکردووە، ئاسمانی عێراق لە رووی بەرزیەوە کراوەیە بۆ گەشتی ئاسمانی، تا بەرزی 46 هەزار پێ، بێجگە لەو ناوچانەی ئۆپراسیۆنی سەربازی دژ بە چەکداری نەناسراوی لێ ئەنجامدەدرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، تائێستا فڕۆکەخانەکانی عێراق ترانزێتیان نییە.

هەرچی پەیوەندارە بە هەرێمی کوردستانەوە، دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لە هەریەکە لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی هەیە.

وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کورستان ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، کرێی نیشتنەوە و تێپەڕبوون لەو فڕۆکەخانانە بەپێی جۆری فڕۆکەکان دەگۆڕێت، بە جۆرێک نرخەکانیان لە نێوان 350 دۆلار بۆ 3350 دۆلارە، کرێی هیلیکۆپتەریش 175 دۆلارە.