ژمارەی جوانی ئۆتۆمبێل وەکو جاران رەواجی نەماوە

964+
دیلان محەمەد جەزا- سلێمانی

ئێستا نرخی تابلۆی جوانی ئۆتۆمبێل وه‌ك سه‌ره‌تا نییه‌، لە سلێمانی چەند دوکانێک بۆ کڕین و فرۆشتنی تابلۆی ئۆتۆمبێل هەن، فرۆشیارێکیش دەڵێت، تابلۆی ئۆتۆمبێل هەیە بە 150 هەزار دۆلار فرۆشراوه‌، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌نده‌ ناكات.

شاھۆ فەتاح کاری کڕین و فرۆشتنی تابلۆی ئۆتۆمبێل دەکات، بە تۆڕی 964ـی وت، ئێستا خەڵک زۆر ئارەزووی ئەو ژمارانە دەکه‌ن، کە موالیدی خۆیه‌تی و پیتی ناوەکەیەتی، ھەریەک لە پیتەکانی H و S و M و R ن، چونکە زۆرترین ناو بەو پیتانە دەست پێدەکه‌ن.

وتیشی، “زیاتر ژمارەی موالیدی 80ـکان فرۆشی هه‌یه‌، لەبەر ئەوەی ئەو کەسانە تەمەنیان گەورەیە و خاوەنی کار و کەسابەتی خۆیانن، بۆیە زیاتر پارە بەو ژمارانه‌ ده‌درێت، كه‌ له‌و موالیده‌ن”.

2121 ژماره‌ی كۆدی سلێمانییه‌ بۆ تابلۆی ئۆتۆمبێل، وه‌ك ئه‌و فرۆشیاره‌ باسی ده‌كات، سەرەتا کە دابەشکردنی تابلۆی نوێ ژمارەی 2121 ده‌ستیپێكرد، داواکارییەکی زۆری لەسەر بوو، بازاڕی گەرم بوو، چه‌ند دانه‌یه‌كیشیان زوو حجز كرابوون، بەڵام ئێستا کە بە لێشاو ھاتووەتە ناو بازاڕەوە بازاڕیان زۆر دابەزیوە، نرخەکەی نزیکە نۆ ھەزار دۆلارە.

“لە رابردوودا داواکاری زۆر لەسەر ژمارەی سیانی ھەبوو، بەڵام ئێستا ژمارەی موالید بازاڕی نەھێشتوون، لەبەر ئەوەی نرخیشیان گرانە، بۆیە خەڵک چاوەڕوانی وەزارەتی ناوخۆیە بە پیتی جیاواز بە ھەرزانت بیفرۆشێت”، شاھۆ فەتاح واده‌ڵێت.

به‌ پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی 964، ئێستا داواکاریی زۆر لەسەر ژمارە “ھەزار” ھەیە، لەبەر ئەوەی کۆدی سلێمانی 21ـە و ئەمەش بە یەک دەست پێدەکات و خەڵک لای جوانە، بەڵام ژمارەی “هەزار” نرخه‌كه‌ی نزیکەی دوو هەزار دۆلار لە ژمارە 10 هەزار گرانترە.

بڕوا عەلی، کاری کڕین و فرۆشتنی تابلۆی ئۆتۆمبێل دەکات و ده‌ڵێت، بەھۆی ناجێگیریی بازاڕەوە ئێستا خەڵک کەمتر تابلۆی ئۆتۆمبێل دەکڕن، لە ماوەی رابردوودا ئەو تابلۆ نوێیانە بە تەواوی بازاڕیان گەرم بوو.

باسی لەوەش کرد، ژمارەی دووانیان لا بووە، نرخەکەی لە 150 ھەزار دۆلاردا بووە، بەڵام ئێستا بە 80 ھەزار دۆلار دانراوە و کەس لێی ناپرسێت.

ئه‌و ده‌ڵێت، “کەسی دەوڵەمەند ھەیە بۆ ژمارەی ئۆتۆمبێل نزیکەی 100 ھەزار دۆلار زیاتری داوە و وتویەتی پێم خۆشە ئەو ژمارەیە بە ئۆتۆمبێلەکەمەوە بێت”.

لە 25/4/2022 وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، ده‌ستی به‌ دابه‌شكردمی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل كرد، ژمارە نایابەکانیش بە بڕی دوو ملیۆن دینار بە ھاوڵاتیان دەفرۆشرا.