بێبەرامبەرە
لە هەڵەبجە خولێک بۆ چاندنی ئاڵتونە سوورەکە دەوترێتەوە
964+
ژووری هەواڵ
کشتوکاڵی هەڵەبجە خولێک لەبارەی شێوازی چاندن و خزمەتکردنی رووەکی زەعفەران و کۆکردنەوەی بەرهەمەکەی دەکاتەوە، رووەکەکە یەک کیلۆ لە مەیسەمەکەی “سێ ملیۆن دینارە”.
خولەکە لەلایەن ئومێد ئەحمەد، ئەندازیاری کشتوکاڵ دەوترێتەوە، ئەم ئەندازیارە ماوەی شەش ساڵە وەبەرهێنان لە گوڵی زەعفەران دەکات و دەڵێت، “لەگەڵ ئاوهەواوی ناوچەکە گونجاوەو بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە بەرهەم دێت”.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8.9.2024، قانع موحسین، ئەندازیار لە کشتوکاڵی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، خولەکە بێبەرامبەر و رۆژی سێشەممە 10.9.2024 لە بەشی رێنمایی کشتوکاڵ کاتژمێر 9:00ـی بەیانی لەلایەن مامۆستا ئومێد ئەحمەد دەوترێتەوە.
بۆ بەشداریکردن لە خولەکەدا دەتوانن پەیوەندی بەم ژمارانەوە بکەن: 07501126459، 07501817885 و 07733132576.
گوڵی زەعفەران، کە بە زێڕی سووریش ناسراوە، گوڵێکی پایزەیەو زیاتر لە ناوچە شاخاوییەکان دەڕوێت، بەهۆی بەها گرنگەکەی و بەکارهێنانی لە زۆر بواردا، لە دونیا وەبەرهێنانی زۆری لەسەر دەکرێت و ئەمەش وایکردووە نرخەکەی گران بێت.
گوڵی زەعفەران، لە مانگی ئەیلول دێتە چاندن، لە کوردستانیش ناوچەیەک هەیە بەناوی زەعفەران، ئەمەش بەهۆی بوونی بڕێکی زۆری گوڵی زەعفەران لە ناوچەکەدا.