لە سلێمانی
لە هەر کاتژمێرێکدا سێ نەخۆشی شەكرە و کوێرە گلاندەکان چارەسەریان وەرگرتووە
964+
شۆڕش قادری
مانگی رابردوو لە هەر کاتژمێرێکدا زیاتر لە سێ نەخۆشی شەكرە و کوێرە گلاندەکان لە سلێمانی چارەسەری پزیشکیان وەرگرتووە.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی” تەنیا لە مانگی ئابدا دوو هەزار و 542 نەخۆش سەردانی سەنتەری شەكرە و كوێرەگلاندەكانیان لەشاری سلێمانی کردووە و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە”.
“لەو ژمارەیە هەزار و 140 نەخۆش لە رەگەزی نێربوون و هەزار و 402 نەخۆشیش لە رەگەزی مێ بوون، 52 نەخۆشیان ئاوارەكانی عیراق و دەرەوە بوون و ئەوانی دیكە دانیشتووی سلێمانی بوون”، تەندروستی سلێمانی وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، مانگی رابردوو ئەو نەخۆشانەی لە سەنتەری شەكرە و كوێرە گلاندەكان بینراون 555 نەخۆش تەمەنیان لە سەروو (65) ساڵییەوە بووە، هەزار و 431 نەخۆش تەمەنیان لە نێوان (45-64) ساڵدا بووە، 507 نەخۆش تەمەنیان لەنێوان (20-44) ساڵدا بووە و 49 نەخۆشیش تەمەنیان لە خوار (20) ساڵەوە بووە.