له‌ ته‌قته‌ق

“ئاگاتان لێیە كتێبفرۆشی سواڵكه‌ر په‌یدا بووه‌”

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ ناحیه‌ى تەقتەقى سه‌ر به‌ قه‌زاى كۆیه،‌ به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان سواڵكه‌ره‌كان ده‌بیندرێن، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ ئاشكراى ده‌كات جگه‌ له‌و سواڵكه‌رانه‌ى له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان ده‌بیندرێت، كتێبفرۆشیشیان هه‌یه‌ له‌ رێگه‌ى كاره‌كه‌یه‌وه‌ سواڵ ده‌كات.

له‌ سۆشیاڵ میدیاكانى سنوورى ته‌قته‌ق وابڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هه‌ینى رابردوو مزگه‌وته‌كان پڕ له‌ سواڵكه‌ر بوون، داوایان كردووه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، سنوورێك بۆ ئه‌م دیارده‌یه‌ دابنێن، چونكه‌ ده‌ڵێن، شاره‌كه‌یان ناشیرین كردووه‌.

ئاسۆ مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى ته‌قته‌ق به‌ 964ـى راگه‌یاند، سواڵكه‌ره‌كانى ته‌قته‌ق ته‌نیا ئه‌وانه‌ نین له‌ به‌رده‌گاى مزگه‌وته‌كان ده‌بیندرێن، به‌ڵكو له‌ زۆربه‌ى شوێنه‌كانى سه‌نته‌رى ناحیه‌دا به‌ شێوازى جیاواز ده‌رده‌كه‌ون.

وتیشی “ژماره‌یه‌ك كتیبَفرۆش له‌ناو ته‌قته‌ق هه‌ن به‌ناوى ئه‌وه‌ى پاره‌ى فرۆشتنى كتێبه‌كانیان بۆ كارى خێرخوازییە، یان ده‌ڵێن بۆ تووشبووانى شێرپەنجەیە، كه‌چی له‌ راستیدا ئه‌مانه‌ له‌ ژێر ئه‌م ناوه‌وە سواڵ ده‌كه‌ن”.

روونیشیكرده‌وه‌، دواى به‌دواداچوونیان بۆیان ئاشكرا بووه‌، یه‌كێك له‌ به‌رپرسانى ئه‌و كتێبفرۆشانه‌ فه‌رمانى گرتنى هه‌یه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى سواڵى به‌ كتێبفرۆشتن كردووه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ پلانى خۆی هه‌یه‌ بۆ نه‌هێشتنى ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ ناحیه‌كه‌ى و ده‌ڵێت، تیمه‌كانى پۆلیس و ئاسایشی راسپاردووه‌ ناو سه‌نته‌رى ناحیه‌كه‌ جوان بگه‌ڕێن هه‌ر سواڵكه‌رێكیان بینى رێكارى یاسایی به‌رامبه‌ردا بگرنه‌به‌ر، چونكه‌ ده‌ڵێت “به‌پێی یاسا، سواڵكردن تاوانه‌”.

هه‌ر به‌پێی پلانه‌كه‌ى ناحیه‌، پۆلیس و ئاسایش راسپێردراون هه‌ینى داهاتوو چاویان له‌سه‌ر مزگه‌وته‌كان ده‌بێت، هه‌ر سواڵكه‌رێكیان بینى ده‌ستگیری بكه‌ن و رێكارى یاسایی له‌ به‌رامبه‌ردا بگرنه‌به‌ر.

تەقتەق لە بۆنی ناخۆشی زبڵخانەکان رزگاری دەبێت

تەقتەق لە بۆنی ناخۆشی زبڵخانەکان رزگاری دەبێت