رێگاکە بەڕووى شۆفێراندا دادەخرێت
سبەینێ کارکردن لە رێگاى سماقوڵى دەستپێدەکاتەوە
964+
وریا فەتاح
لە سبەینێوە کارکردن لە پڕۆژەى قیرتاوکردنى رێگاى سماقوڵى دەستپێدەکاتەوە و بڕیارە لە ماوەى مانگێکدا تەواو بکرێت، لە هەنگاوى یەکەمدا رێگا لە بارهەڵگرەکان دەگیرێت و دواتر ئۆتۆمبێلە تایبەتەکانیش دەگرێتەوە.
کاتێک لە رێگاى سەرەکى سلێمانى دوکان بەرەو سماقوڵى دەچیت، بۆ زیاتر لە دوو کیلۆمەتر رێگا کۆنەکەى پێشوتر هەڵکەنراوە و کارکردن تێیدا راوەستاوە، ئۆتۆمبێلەکانیش لە تەنیشتى رێگاکە بەناو گڵ و خۆڵدا دەڕۆن و ئاستەنگى هاتوچۆ دروستبووە.
27 ئەم مانگە وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە، بڕیاریدا کارکردن لە پرۆژەى نۆژەنکردنەوەی رێگای سماقوڵی دەستپێبکاتەوە، بەڵام تا ئەمڕۆ رێگاکە وەک خۆیەتى و کارکردن تێیدا وەستاوە.
964 لەسەر ئەو بابەتە قسەى لەگەڵ کۆسار حەمەد، بەڕێەوەبەرى چاککردن و پاراستنى رێگاوبانى کۆیە کرد، ئەو وتى،”بەیانى کارکردن لە پڕۆژەکە دەستپێدەکاتەوە”.
وەک باسى دەکات، کارکردنەکە بە میکانیزمێکە بڕیارە لە کەمتر لە مانگێکدا تەواو بکرێت.
لەبارەى وەستانى هاتوچۆ لە رێگاکەوە، کۆسار حەمەد ئاشکراى کرد، لە هەنگاوى یەکەمدا رەنگە لە سبەینێوە بێت رێگاکە بەڕووى بارهەڵگرەکاندا دابخرێت و دواتریش ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان، بەڵام تائێستا بە وردى کاتى داخستنى رێگاکە بەڕووى ئۆتۆمبێلەکان دیارى نەکراوە و قایمقامییەت رایدەگەیەنێت.
964 دوو جار پەیوەندى بە تارق حەیدەرى، قایمقامى کۆیەوە کرد و ویستى وردەکارییەکەى لێوەربگرێت، بەڵام وەڵامى تەلەفونەکەى نەدایەوە.
رێگاى سماقوڵى لە رێگاى سەرەکى دوکان چوارقوڕنە لە نزیک گوندى هیزۆپەوە دەستپێدەکات و ئیدارەى راپەڕین بە هەولێرەوە دەبەستێتەوە و یەکێکە لە رێگا قەرەباڵغەکان.