بازرگانێک دەڵێت کڕیومە

دەنگۆی فرۆشتنی چوار گوند لە خانەقین هەرای ناوەتەوە

964+

راژان باجەڵان – خانەقین

ماوەی نزیکەی حەوت مانگە دەنگۆیەک دروستبووە لەنێوان دانیشتووانی چوار گوندی خانەقین و بازرگانێک لەسەر زیاتر لە دوو هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و تا ئێستا یەکلانەبووەتەوە.

بەشێک لە دانیشتووانی ئەو چوار گوندە دەڵێن، بازرگانێکیان لێپەیدا بووە و ئاگادار کراونەتەوە کە زەوی و زار و تەنانەت ماڵەکانیشیان فرۆشراوە و دەبێت چۆڵیان بکەن.

شێخ حازم شەکەرچی، ئەو بازرگانەیە کە زەوییەکانی کڕیوە و بە 964ـی وت، ”ئەو زەویانەم لە خاوەنە رەسەنەکانی خۆیان کڕیوە و تەواوی بڕە پارەی خۆیان وەرگرتووە، تاپۆ و سەرجەم کارەکانم فەرمییە و ئەگەر هەر کێشەیەک هەبێت ئەوا من هیچ لێی بەرپرس نیم”.

زەوییەکان رووبەریان زیاتر لە دوو هەزار و 200 دۆنم دەبێت و دەکەوێتە بەرامبەر گەڕەکی بەختیاری لە باشوری شاری خانەقین، لە سەرەتای سەدەی پێشوو خاوەنیان هەبووە و لەلایەن حکومەتی ئەوکاتەوە پارەیان پێدراوەو پاشان بە گرێبەست زەوییەکان دراون بە جوتیارانی ئەوکاتە و تا ئەمڕۆ نەوەکانیان لەسەر ئەم زەوییانە دەژین و لە کشتوکاڵی خۆیان بەردەوامن.

لە ئێستادا دانیشتوانی ئەو چوار گوندە کە پێکدێن لە گوندەکان “تەفرەقە و حەبیب و ئەحمەد تاهیر و کەلهوڕ” لە زەوییەکانیان ماون و بڕیاری ئەوەیان داوە کە زەوی و زاری خۆیان چۆڵ نەکەن.

مەحمود قەیسی، دانیشتووی یەکێک لەو گوندانەیە و بە 964ـی وت،”ئەم زەویانە گرێبەستی کشتوکاڵی حەفتاکانی سەدەی پێشوی ئەو سەردەمەی هەیە، لە باو و باپیرانەوە بۆمان ماوەتەوە و هەموومان خەریکی کاری کشتوکاڵی و مەڕوماڵاتین، بەڵام لەناکاو ئاگادار کراینەوە کە زەوی و زار و تەنانەت ماڵەکانیشمان فرۆشراوە و دەبێت چۆڵی بکەین”.

سۆزان مەنسور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە 964ـی وت، ئەم کەیسە ماوەیەکە دانیشتوانی ئەو گوندانەی خستۆتە حاڵەتێکی دەروونی خراپەوە، “لە کوێ بووە تا ئێستا گوند بفرۆشرێت، بۆیە ئەم کەیسە گەیەنرایە هەریەک لە سەرۆک وەزیران، وەزیری ناوخۆ، پارێزگاری دیالە و دادگای فیدراڵی عێراق”.

پێداچوونەوە: هاوبەش

قایمقامی نوێی خانەقین دیاریی كرا

قایمقامی نوێی خانەقین دیاریی كرا