دوو کەسیش بریندارن
تەقینەوەى روومانەیەک لە سەنگەرێکى پێشمەرگە کەسێکى کوشت
964+
دلۆڤان رەمەزان – دهۆک
بەهۆى تەقینەوەى روومانەیەک لەیەکێک لە سەنگەرەکانى پێشمەرگە لە گوندى تەل عەدەس لە سنوورى پارێزگاى دهۆک، کەسێک گیانى لەدەستدا و دوو کەسیش بریندار بوون.
ئامۆزاى ئەو کەسەى گیانى لەدەست داوە بە 964ـى وت، ئامۆزاکەم لەگەڵ مامم کە خانەنشینى پێشمەرگەیە بۆ سەردانى هاوڕێیانیان چوونەتە سەنگەرێکى پێشمەرگە، بەڵام لەوێ روومانەیەک بە ئامۆزاکەمدا تەقیوەتەوە و گیانى لەدەست داوە.
وەک باسى کرد، ئامۆزاکەى چەند رۆژێک بوو بارى دەروونى جێگیر نەبووە و هەر لەبەر ئاساییکردنەوەى دەروونى ئەو، مامى چووە بۆ سەردانیکردنى ئەو هاوڕێیانە تا دۆخى ئارام ببێتەوە.
تائێستا کەسوکارى ئەو کەسە نازانن رووداوەکە چۆن روویداوە، ئەوەى هەیە کوڕەکەیان گیانى لەدەستداوە و مامى کوڕەکەش بریندارە.
مەتین جەمیل وتەبێژی تەندروستی دهۆک بە 964ـی وت،” بریندارەکان گەیندراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنى دهۆک و کەسێکیش گیانى لەدەستداوە”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح