بەبازاڕکردن و ناساندن
كەركوك خەریكی فێستیڤاڵی خورما و خواردنی میللییە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە كەركوك گەورەترین خورما و خواردنە میللییەكان دەستیپێكرد و تا رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت.
گەورەترین فێستیڤاڵی خورما و خواردنە میللییەكان لە باخچەی شاری یاریی سمایلاندی کەرکوک دەستیپێکرد، كە تێیدا زۆرترین جۆرەکانی خورما و خواردنە میللییەکان نمایش دەكرێن، هەروەها بەشێكی فێستیڤاڵەكە تایبەتە بە بەرهەمی كاری دەستی و ئیکسسوارات و فرۆشتنی کتێب، کە بەشێكی گوزارشتە لە کولتوور و رۆشنبیریی كەركوك.
رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە دەڵێن، ئامانجی فێستیڤاڵەكە دابینکردنی سەکۆیەکە بۆ بەبازاڕکردن و ناساندنی بەرهەمە ناوخۆییەکان.
ئیبراهیم خەلیل بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەكە بە 964ی راگەیاند، “فێستیڤاڵێکەمان بۆ نمایشکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان ئەنجامداوە، ئامانجیشمان ئەوەیە سەردانیکەرانی پارێزگاکانی دیکەش بە دابونەریتی خەڵکی کەرکوک ئاشنابن، هیواداریشم بەرهەمی ناوخۆیی و پڕۆژە بچووکەکان پاڵپشتی بکرێن”.
بڕیارە فێستیڤاڵەكە تا هەینیی داهاتوو بەردەوام بێت.