وەزیری کشتوکاڵی هەرێـم بۆ964
“هەوڵدەدرێت هەناری هەڵەبجە بکرێت بە براندێکی سەرەکی”
+964
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
وەفدێکی ھاوبەشی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵی ئەردەن سەردانی پارێزگای ھەڵەبجەیان کرد.
مەبەستی سەردانەکە، لە نزیکەوە ئاگاداربوون بوو لە کاری ئەو پرۆژە مۆدێرنە کشتوکاڵیانەی کە لە ھەڵەبجەدا درووستکراون.
لەچەند رۆژی رابردوودا، لێکتێگەیشتنێک لە نێوان، ھەردوو وەزارەتدا واژۆ کراوە بە مەبەستی برەودان بە پەیوەندییەکانی ھەردوولا لە بواری کشتوکاڵدا.
لە بارەی پلانی ئەمساڵی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ بەبازاڕکردنی ھەناری ھەڵەبجە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ بە 964ـی وت: لە پلانماندایە، بە کردنەوەی فیستڤاڵی ساڵانەی ھەنار و زیاتر گرنگیدان بەو باخانەی کە بەرھەمی ھەنارییان ھەیە، ھەناری ھەڵەبجە بکەینە براندێکی سەرەکی.
روونیشیکردەوە، بڕیارمانداوە ھەموو ئەو وەفدانەی کە دێنە کوردستان، ھەناری ھەڵەبجەیان وەک دیاری پێشکەش بکەین، هەروەها ئەو وەفدانەی کە لە کوردستانەوە دەچنە وڵاتان، ھەناری ھەڵەبجە دەبەن لەگەڵ خۆیاندا.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر