"خه‌ڵك پاره‌ى نییه خانوو بۆ كرێ دروست بكات"
تازه زاواكانى خه‌لیفان لێیان قه‌وماوه و خانووی كرێیان دەستناكەوێت
964+
ئاکام غەفور- سۆران
ماوەی ساڵێک دەبێت لە خەلیفان خانووی کرێ دەست ناکەوێت، بۆ تازه زاوا‌كانیش ئه‌م بابه‌ته‌كه گرفتێكی گه‌وره‌یه، چونكە ئەو ماوەیە سه‌ر به هه‌ر كۆڵانێكدا ده‌كه‌ن، ده‌ست ده‌نێن به‌روویانه‌وه و پێیان ده‌ڵێن “خانووى كرێمان نییه”.
نه‌بوونى خانووى كرێ له‌و قه‌زایه، كه سنوورێكی فراوانى هه‌یه، وه‌ك خاوه‌ن نووسینگه‌یه‌كی خانووبه‌ره ده‌ڵێت، هۆكاره‌كه‌ى بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێتنه‌وه كه خه‌ڵك پاره‌ى نییه خانوو بۆ به‌كرێدان دروست بكات.
سەلمان سەلیم، گەنجێکی تازه زاوایه له قەزای خەلیفانە، شەش مانگە بە دوای خانووی کرێدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی ماڵ و حاڵێک بۆ خۆی دروستبکات، بەڵام دەستی نەکه‌وتووە، بۆ 964 وتى، نزیکەی ساڵێک دەبێت دەستگیرانداره، شەش مانگە لەبەر نەبوونی خان‌و نەیتوانیوە ده‌ستگیرانه‌كه‌ى بگوازمه‌وه.
وتیشی “خانووێكم شك بردووه به‌كرێى بگرم، به‌ڵام ئه‌ویش ده‌بێت چاوه‌ڕێى ئه‌و كرێچییه بكه‌م، كه ده‌یه‌وێت چۆڵى بكات و بۆ ئه‌مه‌شیان زۆر دڵنیا نیم”.
محەمەد حەسەن، خاوەنی نووسینگەیەکی خانووبەرەیه لە خەلیفان بە 964ـی وت، قەیرانی دارایی و بێ پارەیی هۆکاری ئەوەیە کە خانووی کرێ نییە لە خەلیفان، چونكه خەڵک پارەی نییە خانوو دروست بکات و بەکرێی بدات.
وتیشی “خانووی کرێ بە جۆرێک کەمە، ماڵ هەیە سێ تا پێنچ خێزانن لە یەک ماڵدا دەژین”.
بە قسەی ئەو خاوەنی نووسینگەیە، رۆژانە لانیکەم سێ کەس سەردانیان دەکات بۆ دەستکەوتنی خانووی کرێ، بەڵام ساڵێک دەبێت هیچ خاوەن خانوویەک ئاگاداری نەکردوونه‌ته‌وە خانووه‌كه‌یان بەکرێی بده‌ن.
قەزای خەلیفان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2020 ژمارەی دانیشتوانی سەنتەری قه‌زاكه زیاتر لە پێنج هەزار کەسە.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن