ئارایشتگا فاڵچییەکەی سلێمانی چۆن کەوتە تەڵەوە؟

964+

ئاودێر عومەر


لەسلێمانی ئارایشتگایەک بەهۆی فاڵگرتنەوەوە داخرا، بۆ یەکەمجار ٩٦٤ نهێنی ئەو داوە ئاشکرا دەکات کە لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بۆیان نابووەوە.

دوێنێ چوارشەممە قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند کە لەگەڕەکی کوردساتی سلێمانی ئارایشتگایەک بەهۆی ئەوەی دوعاو نوشتەو فاڵگرتنەوەی تیا کراوە، داخرا.

چۆنێتی دۆزینەوەی فاڵگرەوەکە چیرۆکێکی لەپشتەوەیە، بۆ یەکەمجار تۆڕی ٩٦٤ ئاشکرای دەکات.

گۆنا سەردار، سەرۆکی لیژنەی ئارایشتگاکان لەقایمقامیەتی سلێمانی کە خۆی سەرپەرشتی بەدواداچوونەکەی کردووە بە تۆڕی ٩٦٤ی وت ”بەهاوکاری ئاسایش کەسێکی خۆمان نارد بۆ ئارایشتگاکە، لەگەڵی رێکەوت نوشتەیەکی بۆ بکەن بە بڕی ملیۆنێک و ٧٥٠ هەزار دینار”.

هەر ئەوەندەی ئەم سەوداو مامەڵەیە تەواو بوو، هێزێکی ئاسایش داویانە بەسەر ئارایشتگاکەداو دەبینن جگە لەو سەوداکارەی خۆیان، خاوەنی ئارایشتگاکە پێنج بۆ شەش نوشتەی تری پێبووە.

ئەو شوێنەی نوشتەکانی تیا کراوە لەدەرەوە تابلۆی ئارایشتگای پێوەیە، بەڵام لەپاڵ کاری ئارایشتکردن خاوەنی ئارایشتگاکە بەپارە فاڵی بۆ خاڵک گرتووەتەوەو دوعاو نوشتەی بۆ کردوون، هەندێک خەڵک خۆیان چوون و هەندێکی تر لەرێی سۆشیال میدیاو تەلەفۆنەوە داوای دوعایان لێکردووە، ئەویش دوعای بۆ کردوون و بەکەسێکدا بەدلیڤەری بۆ ناردوون، هەموو دوعاو نوشتەو فاڵەکانیش بەپارەی زۆر کراون، هەندێ کەسیش هەبوون لەدەرەوەی وڵاتەوە داوای ئەو دوعایانەیان کردووەو پێیان گەیەندراوە.

ئێستا خاوەنی ئارایشتگاکەو ئەوەی دلیڤەری کردبوو دەستگیرکراون، سەرۆکی لیژنەی ئارایشتگاکان لەقایمقامیەتی سلێمانی ”دانیان ناوە بەتاوانەکانیاندا ناوە.. ئارایشتگاکەی پێ دادەخرێت و مۆڵەتەکەیان لێ دەسەندرێتەوە”.

گۆنا سەردار- سەرۆکی لیژنەی ئارایشگاکانی سلێمانی تایبەت بۆ +964