جارێ تێستن
پاسپۆڕتی راپەڕین کەوتەوەکار و دەیکەن بەدوو شەفت
964+
ئەحمەد مستەفا
بەڕێوەبەری پاسپۆڕتی راپەڕین دەڵێت، “بەشێوەی تێست، ئیتر رۆژانە مامەڵەی چەند کەسێک دەکەین و سیستمی دەرهێنانی پاسپۆڕت لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە کەوتوەتەوەکار”.
بە گوێرەی سۆراغی 964 لە بەڕێوەبەرەکەی، ئەگەر هەیە، لە دروست نەبوونەوەی گرفتی داتاکانی پاسپۆڕت سیستمی کار بکرێت بە دوو شەفت.
سیستمی دەرهێنانی پاسپۆڕت لە راپەڕین ماوەی زیاتر لە دوو مانگ بوو، وەستابوو، پێشتر 964 هۆکارەکەی ئاشکرا کرد، بەهۆی کەڵەکەبوونی داتای زۆر و دانانی سێرڤەری نوێ و رێکاری سەلامەتی دیجیتاڵی لەلایەن نوسینگەی سەرەکی بەغداوە سیستمی کار کوژێندراوەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25.8.2024، عەقید ئاودێر عەزیز، بەڕێوەبەری نوسینگەی پاسپۆڕتی راپەڕین بە 964ی وت، “لە ئێستادا سیستەمی پاسپۆرتی نوسینگەکەمان کەوتووەتەوە کار، ئەو هاوڵاتیانەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا سەرەیان بووە و کاریان بۆ نەکراوە دەتوانن سەردانمان بکەن، بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان”.
نوسینگەکە رۆژانە 180 بۆ 200 مامەڵەی لە دەوامی ئاسایدا جێبەجێ کردووە، لە ماوەی کارکرنیشیدا 136 هەزار پاسپۆرت تەنیا لەو نوسینگەیە دەرهێنراوە، ئێستاش تا 15.1.2025 نزیکەی حەوت هەزار ناو نۆرەیان بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت گرتووە، بەڕێوەبەرەکەی نوسینگەی پاسپۆڕتی راپەڕین ئاماژەی بەوەکرد، “لە ئێستادا رۆژانە وەک تێستی سیستەمەکە بڕێکی دیاریکراو مامەڵە وەردەگیرێت”.